زانیاری لەبارەی شەپۆلی چاوەڕوانکراوی باران؛ لافاو دروستدەبێت؟
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی زیاتر لە 10 ملـلیمەتر باران نابارێت. شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، "چوارشەممە و پێنجشەممەش بارانبارین وەکو ئەمڕۆ ئاسایی دەبێت و هەینی زۆرترین باران دەبارێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی "ئەگەر"ی خۆڵبارین لە بەشێکی ناوچەکانی باشووری پارێزگای هەولێر، ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک هەیە.
کەشناسی دەڵێت، "سبەی لەدوای نیوەڕۆوە شەپۆلی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت."
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانی سبەی و دووسبەی پێنجشەممەش وەکو ئەمڕۆ لە نیوەڕۆوە تاوەکو ئێوارە دەبێت و هیچ مەترسیی لافاو نییە، مەگەر لە چەم و دۆڵەکان کەمێک ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە."
ئەو کەشناسە دەڵێت، چەقی شەپۆلەکە کەوتووەتە رۆژانی هەینی و شەممەوە، "بەتایبەت هەینی؛ ئەو دوو رۆژەش مەگەر ئاستی ئاو لە هەندێک لە شەقامەکان بەرز ببێتەوە، بەڵام وەکو مەترسی و لافاوی مەترسیدار هیچ شتێکی لەو شێوەیە لەئارادا نییە."
بەگوێرەی پێشبینیەکانی ئاراس جەبار، رۆژی هەینی 30 بۆ 60 ملیمەتر باران لە شارە جیاکان دەبارێت. دەشڵێت، زۆرینەی بارانی ئەم شەپۆلە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەی گەرمیان دەبێت بەراورد بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە پێشبینی بۆ بارانبارینی سبەی کردووە:
- هەولێر 4 بۆ 6 ملیمەتر
- سلێمانی 6 بۆ 10 ملیمەتر
- دهۆک 8 بۆ 10 ملیمەتر
- ئیدارەی سۆران و ناوچەشاخاوییەکان 7 بۆ 10 ملیمەتر
- ئیدارەی راپەڕین 8 بۆ 10 ملیمەتر
- ئیدارەی گەرمیان 8 بۆ 10 ملیمەتر،
- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 2 بۆ 5 ملیمەتر
- هەڵەبجە هیچ پێشبینییەکانی بارانبارینی بۆ نەکراوە
هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما سێ بۆ پێنج پلە دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 25 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 27 پلەی سیلیزی
سۆران: 23 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 29 پلەی سیلیزی