ئەمشەو بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمشەو بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە.
 
دابەشکردنی گازی کێڵگەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی کۆمپانیای ساوز کوردستاندایە. سامان حاجی فایەق، خاوەنی کۆمپانیاکە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو کاژێر 12:00 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرۆمۆر دەستپێدەکاتەوە."
 
سامان حاجی فایەق گوتی، بارهەڵگریان رەوانەی کێڵگەکە کردووە بۆ ئەوەی ئەمشەو گازی شل باربکەن.
 
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاواتە لە کاتی ئاساییدا، لەکاتێکدا لە کاتە گەرم و ساردەکاندا خواست لەسەر کارەبا دەگاتە 7 هەزار مێگاوات.

کاژیر 06:45 خولەکی ئێوارەی هەینی رابردوو 27ـی نیسان، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز راگیرا.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون کە هاووڵاتی یەمەنی بوون.

هاوکات دانەگاز کە سەرپەرشتیی کێڵگەکە دەکات لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ بەرهەمهێنانەوەی گاز دەستمان بە رێکارەکان کردووە و حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێوشوێنی باشتریان بۆ پارێزگاری لە کێڵگەی کۆرمۆر گرتووەتەبەر.
 
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، دوای 24 کاژێر لە بەرهەمهێنانەوەی گاز لە کۆرمۆر، دۆخی کارەبا ئاسایی دەکەنەوە.

ئەو شوێنەی لە کێڵگەکە کرایە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا هێرشی کرایەسەر و دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە.

کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن؛ کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.

پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.

دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.