رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لەبارەی گۆڕینی ئاراستەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان دەڵێت: "داخستنی هەندێک رێگە لەلایەن هاونیشتمانییانەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان پەیوەندیی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە نییە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە."
نزیکەی هەفتەیەکە دانیشتووانی نزیکەی 20 گوندی دۆڵی سماقووڵی و رێگەی سەرەکیی هەولێر - سلێمانییان بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخستووە. جگە لە رێگەی سماقووڵی، رێگەی هیران لە سکتان و رێگەی کۆیە لە تۆپزاوا بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە، دوای ئەوەی بارهەڵگرەکان رێگەی بالیسانیان بۆ هاتووچۆ کردن هەڵبژارد، ئەمڕۆ ئەو رێگەیەش لەلایەن هاونیشتمانییانەوە گیرا و بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخرا.
لەبارەی داخستنی رێگەکان و گۆڕینی ئاراستەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رۆژی یەکشەممە 30-04-2023 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەوەی ئێستا کە بەشێک لە ھاووڵاتییان ژمارەیەک لە رێگەکانیان گرتووە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتووچۆی بارھەڵگرەکانە و پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتووچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن."
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت، رێگەی بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگەی کەرکووک پێکھاتووە لەم رێگەیانە:
- رێگەی هەولێر - کۆیە - دووکان
- رێگەی هەولێر - سماقووڵی - دووکان
- رێگەی هیران - شەقڵاوە
- رێگەی دۆڵی بالیسان
لەبارەی ئەو چوار رێگەی کە هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: "ھەر چوار رێگەکە لاوەکین و رێگەی بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین، بە پێچەوانەشەوە کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی 15 هەزار ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە و تێیدا سێ هەزار تانکەر و بارهەڵگرن کە زۆربەی بارهەڵگرەکان رۆژانە بە رێگەی سماقووڵی گوزەر دەکەن."
بەگوتەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، چارەی سەرەکی بۆ کێشەی هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگەی هەولێر - کۆیەیە بە هەر پێنج قۆناخەکەیەوە و دەڵێت: "لە ساڵانی رابردوو وەک وەزارەت هەوڵێکی زۆرمان داوە و چەندینجار داوامانکردووە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی 2023 وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمان بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ