کورسی پێکهاتەکان؛ گرێکوێرەی پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان


رووداو دیجیتاڵ 

کات دەڕوات و وادەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە، بەڵام تائێستا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێکنەکەوتوون. 
 
پارتی: پاساوێک بۆ نەکردنی هەڵبژاردن نییە و ئێمە ئامادەین 
 
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بارودۆخی ئەمنی باشە، بارودۆخی ئابووری بەهەمان شێوە، هەموو شتێک باشە، بەڵام زۆربەی جارەکان برادەرانی یەکێتی کۆسپ دروست دەکەن، ئێستاش کە نایانەوێت مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆببێتەوە بۆ ئەوەیانە کە نەیەنە نێو هەڵبژاردن." 
 
هەموو لایەنە سیاسییەکان بە رووکەش ئامادەن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام رەنگە لە پشت پەردە رای جیاواز هەبن. 
 
یەکێتی: هەڵبژاردن پێویستی بە زەمینەسازییە 
 
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەڵامێکی لەگەڵدایە، واتا زەمینەسازییەک هەبێت کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت، ئەویش خۆی لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکاندا ببینێتەوە." 
 
بۆ هەڵبژاردن کۆمیسیۆن پێویستی بە شەش مانگ کاتە، بەڵام ئێستا تەنیا 18 رۆژ ماوە بۆ وادەی دیاریکراوی کۆمیسیۆن.
 
هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: ئێمە پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، سبەی و دووسبەی کە ئەنجوومەنی نوێ دانیشت، چونکە ئەنجوومەنی ئێستا کارا نییە ئەوان خشتەکان و کاتەکەی ئاشکرا دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. 
 
ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت هەڵبژاردن بکات، دەرگە لەبەردەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق واڵا دەکات بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە. ئەگەر کۆمیسیۆنی عێراقیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات، پێویستی بە 10 مانگ، کات و بودجەی پێویست دەبێت.
 
هیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارت و لایەنەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ئەگەر حکومەتی کوردستان داوای کرد، دەبێت حکومەتی عێراق رازی بێت و ئەوکات وەڵامی ئێمە وەردەگرێت کە ئایا دەتوانین یان نا، چیمان پێویست دەبێت و هەڵبژاردنەکەش دەبێت کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان بیکات." 
 
لایەنەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و بازنەی هەڵبژاردن رێککەوتوون، بەڵام کورسی پێکهاتەکان هێشتا گرێکوێرەی نێوانیانە.