قایمقامی کۆیە: 27 ملیار دینار بۆ شارەکەمان خەرجکرا، بەڵام پرۆژەکان تەواو نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە 27 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی قەزای کۆیە تەرخانکراوە و بەشێک لە پرۆژەکان تەواوبوون. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، "زۆربەی بودجەکە بۆ رێگەوبان بووە." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-04-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 27 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی قەزای کۆیە تەرخانکراوە و بەشێک لە پرۆژەکان تەواوبوون و بەشێکی دیکەیان ئێستا کاریان تێدا دەکرێت.
 
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە 27 ملیار دینار بۆ قەزای کۆیە خەرجکراوە، لەوانە 6.35 ملیار دینار بۆ دوو سایدی ناو شارۆچکەکە، بەڵام ئێستا بەهۆی راگرتنی بودجەکەوە کارەکان راگیراون.
 
تاریق حەیدەری گوتی، "4.7 ملیار دیناری ئەو پارەیە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بووە، 1.4 ملیار دینار بۆ رێگەی سماقووڵی و 1.7 ملیار دیناریش بۆ جادەی سکتان خەرجکراوە کە هێشتا تەواونەبووە." 
 
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەکرد، "گوشارێکی زۆر" لەسەر رێگەکانی سنووری کۆیە هەیە، ئەگەر بەمشێوەیە پارەیان بۆ تەرخانبکرێت، تاوەکو بەشێک چاکدەکەینەوە، بەشەکەی دیکەیان، بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەوە تێکدەچێت.