بزووتنەوەی ئیسلامی داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ جەژن لێبووردنی گشتیی دەربکات

 
رووداو دیجیتاڵ  

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، لێبووردنێکی گشتیی بۆ زیندانییان دەربکات. 
 
رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2022، د. عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە فەرمی داوای لە سەرۆکی هەرێمی کودستان کردووە کە لێبووردنێکی گشتیی بۆ زیندانییەکان دەربکات، ئەوانەی کە ماوەی یاساییان تەواوبووە یان ساڵانێکە بەبێ دادگەیی کردن لە زینداندان." 
 
عەبدوڵڵا وەرتی گوتی، "ئەم داواکارییەی بزووتنەوەی ئیسلامی، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوەیە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بە بێتاوان دەستبەسەرکراون، یاخود ئەوانەی ماوەی یاساییان لە زینداندا تەواوکردووە، بتوانن لەنێو ماڵ و منداڵ و کەسوکاریان جەژن بکەن." 
 
رۆژی 19ـی نیسانی 2022، دوای 18 ساڵ زیندانیکردن، دوو کادیری ئیسلامی ئازادکران و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییش لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، "بڕیارە چەند کەسێکی دیکەش ئازادبکرێن."
 
دوو لەو دەستگیرکراوانە کە ئیسلامی بوون، بە ناوەکانی ئاسۆ هەولێری و ئەیووب ئەفغانی، دوای زیاتر لە 18 ساڵ، ئازادکران و ئێستا گەڕاونەتەوە نێو کەسوکاریان.
 
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت، "چەند کەسێکی دیکەش لە زیندانەکاندا هەن کە تۆمەتیان بەسەردا ساخ نەبووەتەوە یان ماوەی حوکمدانیان تەواوبووە، کۆمەڵی دادگەریی داوایکردووە هەموویان ئازادبکرێن و بڕیاریشە چەند کەسێکی دیکە کە 'بێتاوانن' بەمزووانە ئازادبکرێن."