موساد پلانی هێرشی ئیسرائیلی ئەمریکی بۆسەر بەرپرسانی حەشد دەداتە سی ئای ئەی

 
رووداو - هەولێر 

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پلانێک بۆ کوشتنی بەرپرسانی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دراوەتە بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا - سی ئای ئەی.
 
تیمۆسی پاوندس، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ئوردن و لوبنان بە وەکالەت، لە توویتێکدا نووسیویەتی، رۆژی 28ی ئەم مانگە یۆسی کۆهین، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - موساد پلانێکی داوەتە جینا هاسپێڵ، بەرپرسی سی ئای ئەی.
 
لە توویتەکەی پاوندسدا هاتووە، پلانەکە تایبەتە بە کوشتنی "سەرکردەی ئەو گرووپە چەکداری و تیرۆریستییانەی عێراق" کە لە چەند مانگی رابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکانەی ئەمریکییەکانی تێدابووە، ئەویش لەلایەن سوپای ئەمریکا و سوپای ئیسرائیلەوە بە هاوبەشی ئەنجامدەدرێت.
 
توویتی بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە چەندینجار هێرش کراوەتەسەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان بەگشتی و بەتایبەتی هێزە ئەمریکییەکانی تێدایە؛ سوپای ئەمریکاش چەندجارێک کاردانەوەی تووندی هەبووە.
 
لە 27ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، هێرشێکی مووشەکی کرایەسەر بنکەی سەربازیی کەی وەن لە کەرکووک و لە ئەنجامدا ئەمریکییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو؛ لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، رۆژی 29ی هەمان مانگ هێزی ئاسمانیی ئەمریکا چەند ئامانجێکی کەتائیبی حیزبوڵڵای بۆردوومانکرد و بەو هۆیەوە نزیکەی 25 چەکداریان کوژران.
 
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2020 قاسم سولەیمانی، بەرپرسی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی بەغدا هێرشیان کرایەسەر و کوژران.