سەرۆکی لیستی پارتی لە هەولێر: هەوڵدەدەین یاسای نەوت و گازی عێراق هەمواربکەینەوە

رووداو - هەولێر

سەرۆکی لیستی پارتی لە پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، میوانی بەرنامەی ئەمجارەی 10 پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رەنج سەنگاوی پێشکەشی دەکات. کاوان ئیسمائیل گوتی لە چوار ساڵی داهاتوو هەوڵدەدات لە چوارچێوەی بە لامەرکەزیکردنی فرۆشتنی نەوت، یاسای نەوت و غازی عێراق هەمواربکرێتەوە.  

دکتۆر کاوان، باسی لەوەکرد لە خولەکانی ساڵانی 2005، 2009 و 2014ـی پەرلەمانی عێراق، ئەو تەنیا ئەدای خولی یەکەمی پەرلەمانتارانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بەدڵە.

بەهۆی ئەوەی دەستووری عێراق فیدراڵییە و هەرێمی کورستان هەرێمێکی نەوتییە، سەرۆکی لیستی پارتی دەڵێ کاتێک کورد لە بەغدا لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، پێویست بوو یاسادانەرانی عێراقی ماددەیەکی دەستوورییان بۆ نەوتی ناوچەکانی هەرێمەکان تەرخان بکردایە، تاوەکو ناوەند وەکو کارتی گوشار سوودی لێ نەبینێت.

ئەو کاندیدەی پارتی باسی لەوەکرد دەستووری عێراق لەبارەی نەوت و ‌غاز روونە، بەڵام ئەجێندای دیکە کاریگەری لەسەر دەرنەچوونی یاسای نەوت و غاز هەبووە، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نەبووە. گوتیشی: هیچ دەقێکی یاسایی نییە رێگری بکات لەوەی هەرێمی کوردستان یان هەر هەرێمێک خۆی نەوت بفرۆشێت.

دکتۆر کاوان باسی لەوەکرد لەبەرنامەیدایە کار لەسەر دابینکردنی هاوکاری گەنجانێک بکرێت، کە زانکۆ تەواو دەکەن و دانەمەزراون، گوتی "چونکە وڵاتەکەمان بە نەوت دەوڵەمەندە، کاردەکەم بۆ ئەوەی هاوکاری گەنجان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی داهاتوو جێی بکرێتەوە". 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار