یەکگرتووی ئیسلامی: دەنگۆی دوورخستنەوەی ئەبوبەکر هەڵەدنی دوورە لە راستییەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی دوورخستنەوەی ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، لە حیزبەکەی رەت دەکرێتەوە.
دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و پەرلەمانتاری پێشووی حیزبەکە، بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە لە ریزەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دوورخراوەتەوە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەمڕۆ شەممە 30ی ئاداری 2024 بێ ئاگایی خۆی لە هەواڵێکی لەو جۆرە دەربڕی و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ زانیارییەکی پێنەگەیشتووە گوایە دوورخرابێتەوە.
هەروەها مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەواڵەکە دروست نییە و هیچ بنەمایەکی راستیی تێدا نییە."
بەرپرسێکی دیکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، "دوورخستنەوەی ئەندامانی یەکگرتوو لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی جێبەجێکردندا نییە. دەستەیەکی نێوخۆیی هەیە وەکو دادگەی حیزب وایە و ئەگەر هەڵەیەکیش هەبێت و ناوبنرێت سزا، ئەو دەستەیە بڕیار دەدات. هەواڵی دوورخستنەوەی ئەبوبەکر هەڵەدنی راست نییە."
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا پێنج کورسیی هەبوو، لە کۆبوونەوەی 1ی ئاداری 2023دا پەرلەمانتارانی حیزبەکە پێکەوە دەستیان لەکارکێشایەوە.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەکو حیزبێک بە تەنیا بەشداری دەکات.