شارەوانیی هەولێر: پێدانی پارەی جەژنانە بە کارمەندانی پاککەرەوەی زبڵ ئارەزوومەندانەیە
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر دەڵێت، خەڵک ئازادە جەژنانە بدات بە کارمەندانی کۆکردەوەی زبڵ یان نا.
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ 30ـی ئادار بڵاوی کردەوە، "پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز، بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاووڵاتییەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بەناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێکی دیکە بداتە ژینگەپارێزان".
شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، کە "ژمارەیەکی زۆر سواڵکەر" بە ناوی کرێکارانی شارەوانییەوە پێش جەژن لەنێو کۆڵانەکاندا دەگەڕێن بۆ جەژنانە و پەیوەندیمان بەوانەوە نییە. راشیگەیاندووە، "هاووڵاتییان ئەگەر نیازی هاوکاری یان جەژنانەیان هەیە بە کرێکارانی شارەوانی، ئەوە بیدەن بەو کرێکارانەی کە ئامێری کۆکردنەوەی خاشاکیان پێیە".
لەو راگەیێندراوەدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، رەفتاری نەشیاو لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بەرامبەر بینرا وەکو بە زۆر وەرگرتنی پارە؛ دیاریکردنی بڕەکەی؛ دانانی نیشانە لەسەر دەرگە و حاویەی ماڵان و بڵێن زبڵیان هەڵناگرنەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدان، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر راشیگەیاندووە، هەرکەسێک ویستی سکاڵا تۆمار بکات دەتوانێت پەیوەندی بە ژمارەی سکاڵای بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزییەوە بکات، کە بەم ژمارەیە: 07511624550