رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، بۆ هێڵی ئاسنین لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانیدا گرێبەستێک واژۆ بکات.
رۆژی چوارشەممە 30-3-2022، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانیدایە، دوای کارەکانی ئەوان قۆناخەکانی دیکەی پڕۆژەکە دەستپێدەکات".
بە گوتەی مەریوان مەلا حەسەن، کاری کۆمپانیاکە ئەوەیە کە روونکردنەوە دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پڕۆژەکە چۆن دەبێت و چەندە بودجەی دەوێت، هەروەها سوودەکانی بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان چۆنە و گرنگییەکەی لەچیدایە، روونیدەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 10-02-2022 دانا عەبدولکەریم، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای دۆیچە بان (deutsche bahn)ـی ئەڵمانی کۆدەبنەوە بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان.
لە مانگی تەممووزی 2021 شاندێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە سەرۆکایەتیی وەزیر، سەردانی ئەڵمانیای کرد و لەگەڵ دۆیچە بان، کۆمپانیای ناسراوی ئەڵمانیا گەیشتنە سەرەتایەکی هاوبەش بۆ دیزاینکردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی زانستیی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان نزیکەی 3 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە کە دەبێتە بەردی بناخەی دیزاینکردن و بڕیاردان لەسەر بودجەی پرۆژەکە. هەڵسەنگاندنەکە کەرتی تایبەت دەیکات و بودجەکەشی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت.
درێژی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان 915 کیلۆمەتر دەبێت و قۆناخی یەکەمی کە دوای هەڵسەنگاندنە زانستییەکە دەکرێت، 620 کیلۆمەتری هێڵە ئاسنینەکە لەخۆدەگرێت و بە سێ قۆناخیش جێبەجێ دەکرێت.
هێڵەکە لە زاخۆوە بۆ گەرمیان دەبێت، دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان بە ئیبراهیم خەلیلەوە دەبەستێتەوە، حکومەت لە پلانیشیدا دەبێت، "هێڵە ئاسنینەکە بە هێڵەکانی تورکیا و ئێرانەوە ببەستێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ