سەرۆک بارزانی: حکومەتی داهاتووی عێراق بەرپرسیار بێت بەرامبەر گرفتەکان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ کرد و هەردوولا هیوایان خواستووە حکومەتی داهاتووی عێراق بەرپرسیار بێت بەرامبەر گرفتەکان و جێبەجێکاری دەستوور بێت.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 30ی ئاداری 2022ی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و ژان ئەسیلبۆرن، وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ کرد و دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و قەیرانە جیهانییەکان و ھۆکار و دەرھاوێشتەکانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا ئاڵوگۆڕ کران".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا پەیوەست بە بارودۆخی عێراق، ئاماژە بەوە کراوە، "ھەردوولا ھیوایان خواست کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق نەمێنێت و حکومەتی داھاتووی عێراق حکومەتێکی بەرپرسیار بێت لە بەرامبەر گرفتەکان و جێبەجێکاری دەستوور بێت".
بارودۆخی ئێزدییەکان و ئاوارەکانی شنگال تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ بووە.
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژان ئهسيلبۆرن، وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ. pic.twitter.com/z9MfROOjrS
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 30, 2022
وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ رۆژی 29ی ئاداری 2022 گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەکە لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئادار گەیشتە هەرێمی کوردستان.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی سەردانی وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وەکو بەئەزموونترین وەزیری دەرەوەی وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا ناسراوە و ئەمە جاری سێیەمە کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، دۆستێکی گرنگی گەلەکەمانە".
رۆژی سێشەممە 29ی ئاداری 2022 وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە دوولایەنەکان و ئەو پرسانە کراوە کە بەرژەوەندیی هاوبەشن.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی، ئەمنی و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق تاوتوێ کراون.
هاوکات هەر رۆژی 29ی ئادار جێن ئاسلبۆرن لە کۆشکی سەلام لەلایەن د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کرد، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا "بە گرنگییەوە باس لە هاوکاری و ھەماھەنگیی هاوبەشی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپا کرا، ئاماژەکرا بۆ دۆخی ئاوارە و ھاووڵاتییانی عێراقی دانیشتووی لوکسمبۆرگ و ئەوروپا و پرسی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق، بەتایبەتی ئێزدییەکان".
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، "وەزیری دەرەوەی لوکسمبۆرگ هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لە عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپاتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و لوکسمبۆرگ بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات لە ئاستە جیاجیاکاندا".