دۆلار بەرامبەر لیرەی سووری بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە

رووداو - قامیشلو

دۆلار بەرامبەر لیرەی سووری بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و بەڕێژەی هەزار و 100 زیادیکردووە، ئەوەش ژیانی هاووڵاتیانی سووریا و هاونیشتمانیانی رۆژئاوای كوردستانى سەختتر كردووە.

سەرەڕای کاریگەرییەکان بەهۆی شەڕ و ململانێکان و خراپبوونی دۆخی ئابووری، ئێستا خەڵکی بەشێک لە ناوچەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەچاو دراوی سووریدا، رووبەڕووی کێشەیەکی دیکەی ئابووری بوونەتەوە، کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ژیانیان هەیە.

لەگەڵ خراپبوونی رەوشی ئابووری رۆژئاوای کوردستان بەهۆی کاریگەری شەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش بووەتە کێشەیەکی دیکە بۆ هاونیشتمانیان، بەهای دۆلاری ئەمریکی لەبەرامبەر لیرەی سووری بەراورد بە ساڵی 2011، 11 بەرامبەر بەرزبووەتەوە و ، هەر دۆلارێکیش بەرامبەرە بە 503 لیرەی سووری مامەڵەی پێوەدەكرێت.

بەگوتەی دۆلار فرۆشان بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئەنجامی نەبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی درووستبووە.

هاونیشتیمانیانی رۆژئاوای کورستان لە قامیشلو بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەوە بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاورەوە، رووبەڕووی گەورەترین کێشەی ژیان بوونەتەوە. چونکە خەڵکی ناوچەکە پێشتر بەهۆی پێکدادان و ململانێکانەوە، نەیاندەتوانی ژیانی ئاسایی بژین، هاوکات کوشتن و وێرانکردن کاریگەری لەسەر ناوچەکە دانابوو، سەرباری هەموو ئەمانەش، نرخی دۆلار کێشەیەکی دیکەی بۆ زیادکردوون. 

ئێستا لە قامیشلۆ یەک دۆلار گەیشتووەتە 503 لیرەی سووری، بەو هۆیەشەوە، بۆ نموونە کیلۆیەک تەماتە نزیکەی 600 لیرەیە، لەکاتێکدا پێش شەڕی سووریا نرخی یەک کیلۆ تەماتە تەنیا پێنج  لیرە بوو. بەڵام ئەو کاتانە بەهای یەک دۆلار تەنیا 40 لیرەبوو.