دوایین منداڵی شێخ سەعیدی پیران کۆچی دوایی کرد

رووداو- هەولێر

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29-12-2015، شێخ ئەحمەد فوراتی، کوڕی شێخ سەعیدی پیران لەتەمەنی 92 ساڵیدا بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی بۆماوەی دوو رۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەكانی باکووری کوردستان بەهۆی کێشەی هەناسەدان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا بوو.

بنەماڵەی شێخ سەعیدی پیران رایانگەیاند، دوای گیانلەدەستدانی شێخ ئەحمەد شێخ سەعیدی پیران، تەرمی ناوبراو گوستراوەتەوە شارۆچکەی خنووس کە شوێنی نیشتەجێبوونیانە و دواتر لە گۆڕستانی کۆلحیسار بەخاک سپێردراوە.

شێخ ئەحمەد، دوایین منداڵی شێخ سەعیدی پیران بووە کە لەژیاندا مابووە، لە ساڵی 1923 لەدایکبووە و سێ کوڕ و سێ کچی لەدوای خۆی جێهێشتوون، ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە تەمەنەی 92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1865 لە ناوچەی پاڵوو لەدایكبووە. یەكێكە لە شێخە بەرزەكانی نەقشبەندی، لە ساڵی 1925 لە پیران سەركردایەتی راپەڕینێكی كرد دژی دەوڵەتی توركیا و دوای ماوەیەكی كەم بینگۆل و خارپێتی گرتەوە، لەهەمان ساڵ خۆی و 46 هاوڕێی دەستگیركران و لە مەیدانی داغ كەپی، كە ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ مەیدانی شێخ سەعید لەسێداەدران. 

بەهۆی ئەوەی لە تۆمارە فەرمییەكان ئاماژەی پێنەكراوە، لەبەرئەوە تاوەكو ئێستا نازانرێ لەكوێ نێژراون. لە مێژووی توركیا جوڵانەوەی شێخ سەعید بە رابوونی ئایینی ناسراوە و لە روانگەی كوردیشەوە ئەو جوڵانەوەیە بەرامبەر ئەو كۆمارە تازە دامەزراوە بوو كە دانی بە مافەكانی كورد نەناوە.