مەلا بەختیار: نەمانی متمانە لەنێوان پارتی و یەکێتی بە خراپی رەنگیداوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەلا بەختیار دەڵێت، یەکێتی و پارتی چارەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە و قەدەریان رێککەوتنە. دەشڵێت، ئەو دوو لایەنە ئەگەر پارتی و یەکێتی کۆسپەکان لانەبەن، ئەنجامێکی خراپی لێ دەخوێنمەوە.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا باسی لە دۆخی یەکێتی، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، کوشتنی هاوکار جاف، دۆخی ئابووری سلێمانی، 8ی تەممووز و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکە کرد.
مەلا بەختیار باسی لە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کرد و گوتی: گەورەترین کێشەی پارتی و یەکێتی ئەوەیە کە متمانەیان بە یەکدی نەماوە و ئەوەش بە خراپی رەنگیداوەتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
رووداو: پێش ئەوەی گفتوگۆی سیاسی بکەین با باس لە پرۆژەی دابڕان بکەین، حەوتەمین ساڵە دابڕان بەردەوامە و پێنجەمین ساڵیشە فێمینیزمی رۆشنگەری بەردەوامە دەزانم چەند مانگێکە لەڕووی داراییەوە رووبەڕووی هەندێک کێشە بوونەتەوە چۆن توانیتان بەردەوامی پێبدەن لە کاتێکدا پشتیوانییە داراییەکانیشتان کەم بوونەتەوە؟
مەلا بەختیار: سەبارەت بە دابڕان ئەمساڵ کۆنفرانسەکەمان لە هۆڵێکی بچووک رێکخست، بەڵام قەرەبوومان بەوە کردەوە کە ئۆنلاین بڵاودەبووەوە رووداو رۆڵێکی باشی هەبوو، بە کوردستانمان گوت، کوردسات کاری تری هەبوو و سپۆنسەری میدیایی بۆ ئەنجام نەداین، بەڵام رووداو ئەنجامیدا و سوپاسی دەکەین. لە رێگەی ئینتەرنێتیشەوە بە ئۆنلاین لە چەند خەتێکەوە رۆشتبوو و بە هەزاران کەس بینەری ببو، وەک ئەوە وایە لە هۆڵە گەورەکە بووبین. بە نیسبەت سپۆنسەریشەوە هەندێک دابڕانخواز خۆیان پشتیوانی ئەم کۆنفرانسەیان کرد، ئێمە داوامان لە کەس نەکرد خۆیان هەندێک هاوکارییان هێنابوو رادەستی ئیدارەی دابڕانیان کردبوو و کۆنفرانسەکەمان پێ بەڕێوەبرد.
رووداو: دەتوانی لە رێگەی رووداوەوە دڵنیایی بدەی کە ساڵانی داهاتوو دابڕان بەردەوام دەبێت؟
مەلا بەختیار: لەمە باشتر بەردەوام دەبێت.
رووداو: با بێینە سەر پرسە سیاسییەکان، رەنگە دوایین هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بێت کە لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند کە پارتی ئامادەیە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان هەڵبداتەوە کە بێگومان مەبەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، یەکێتی چاوەڕوانی چی لە پارتی دەکات؟
مەلا بەختیار: هەردوو لایان وادەڵێن بەڵام پێناچێت زەمینەی گفتوگۆ و رێککەوتنێکی نوێ هێشتا رەخسابێت ئەمە مایەی نیگەرانییە لە راستیدا گوتن شتێکە و جێبەجێکردنی ئەوەی دەیڵێت شتێکی ترە، من پێموایە یەکێتی و پارتی گەورەترین کێشە لەنێوانیاندا ئەوەیە کە متمانەیان بە یەکتر نەماوە متمانەی شەخسی، متمانەی سیاسی، متمانەی ئیداری ئەم بێ متمانەییە رەنگی داوەتەوە بە خراپی، راستە بەرپرسەکان قسەی جوان دەکەن بەرپرسانی پارتی لەدوای کۆنگری 14 هەموویان دەڵێن، ئێمە لاپەڕەیەکی تازە دەکەینەوە، کاک بافڵ لە چاوپێکەوتنەکەی رووداودا دەڵێت، کەس بۆی نییە باسی کاک مەسعود بکات، رێزێکی زۆری بۆ کاک مەسعود دانا لە قسەکانیدا بەڵام کە دێتە سەر وردەکارییەکەی قەولێکی ئینگلیزی هەیە دەڵێت، شەیتان لە وردەکارییەکاندایە، کێشەی گەورە بە رای من دوو شتە تا ئێستا.
یەکەم: یەکێتی لەناو حکومەت رازی نییە لە ئیشەکان، بە داخەوە نە یەکێتی دەتوانێت هەموو ئەو قسانەی خۆی بسەلمێنێت، نە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش توانیویەتی قسەکانی یەکێتی رەتبکاتەوە بە بەڵگە، من باسی خیتاب ناکەم باسی چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی ناکەم بە بەڵگە بە کۆنفرانسێک، کۆنفرانسێکی زانستی هەردوولا بێن دابنیشن گفتوگۆ لەسەر ئەم کەیسانە بکەن تا بزانن فیعلەن حکومەتی بەڕێز کاک مەسرور بایکۆتی خستووەتە سەر سلێمانی و دەوروبەری ئایا ئەوەی یەکێتی دەیڵێت راستە ئەم بایکۆتە لەسەر سلێمانی بەو رادە ترسناکە کە یەکێتی باسی دەکات، بە راستی ئەگەر یەکێتی بیسەلمێنێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی سەلماندنەکەی یەکێتی نەبێت ئەمە خەتەرە من پێم سەیرە ئەم پرسە پرسێکی هەڵپەسێردراوە و ساخنەکراوەتەوە تا ئێستا.
خاڵی دووەم: سلێمانی بە گەمارۆدراو دەزانێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم دوو خاڵە زۆر بە یەکەوە بەستراوە چونکە پەیوەستن بە حکومەتەوە لەبەرئەوە دەبێت ئەم پرسانە زوو ساخبکرێنەوە، ئەگەر هەردوولایان راستگۆن بۆ رێککەوتن دەبێت کۆسپەکانی بەردەم رێککەوتن لابدەن ئەگەرنا ئەمە هەمووی مانۆڕە یان تاکتیکە بەرامبەر بە یەکتر بەکاریدەهێنن عاقیبەتێکی خراپی لێ دەخوێنمەوە.
رووداو: وا لە قسەکانت دەخوێنمەوە کە پێتوابێت تاکتیکە و نیەتی جیدی نییە؟
مەلا بەختیار: من مەبەستم ئەوە نییە تاکتیکە، دەڵێم ئەگەر، ئەگەرم خستە قسەکانمەوە لە ئێستاوە تا مانگێکی تر مۆڵەت بێت بۆ هەردوولایان با چاوەڕوان بکەین بزانین پارتی دەتوانێ ئەو حەقیقەتانە بسەلمێنێت کە پێیوایە، سلێمانی غەدری لێ ناکرێت، یەکێتیش دەتوانێت ئەو حەقیقەتانە بسەلمێنێت کە غەدر لە سلێمانی کراوە، با مانگێکی دیکە چاوەڕوان بکەین نەخێر مانگ و نیوێکی دیکە چاوەڕوان بکەین بۆ مێژوو مانگ و مانگ و نیو هیچ نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئیستیغلالی کاتەکە بکەن بۆ ساخکردنەوەی راستییەکان.
ئەمە بەلای منەوە گرنگە، یەکێتی و پارتی چارەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە و قەدەریان رێککەوتنە من نامەوێت قەدماخەی شەڕەکان هەڵبدەمەوە 90٪ی ئەم برادەرانەی ئێستا لە سەرکردایەتیی یەکێتین و 80٪ی ئەوانەش کە لە 14یەمین کۆنگرەی پارتی هەڵبژێردراون هیچیان قەترەیەک ئارەقەیان لە شەڕی ناوخۆ نەکردووە، هیچیشیان جەرگیان نەبڕاوە لە شەڕی ناوخۆدا تا ئێستا ئەمانە بە راستی نازانن قوڵکردنەوەی ناکۆکی و ئەگەری شەڕ چەند ترسناکە لەسەر کێشەی کورد.
من داوای دۆستانەم یەکەمینجار لە سەرکردایەتیی یەکێتییە کە هەموویان دەناسم داوای دۆستانەشم لە سەرکردایەتیی پارتییە بە تایبەتی ئەوانەی تازە هاتوونەتە سەرکردایەتیی تکایە بە دیققەت قسە بکەن تکایە بەرپرسانە قسە بکەن تکایە ناڵێم ئەگەر شەڕتان کرد بەشی ئاشتی تێدا بهێڵنەوە تکایە با قسەکانتان هیچ جۆرە کێشەیەک قوڵ نەکاتەوە بە دڵنیاییەوە هەموو دوژمنانی کورد لەسەر هێڵی سوورن چاودێری ئەوە دەکەن بزانن بەرپرسانی یەکێتی و پارتی دەتوانن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن یان ناتوانن.
رووداو: باسی ئەوەت کرد کە سەرکردایەتی نوێ رەنگە تاڵی شەڕی ناوخۆی نەچەشتبێت، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئێوە نەوەیەکی سیاسی بوون لە سەردەمێکدا کە زۆر هەڵبەز و دابەز هەبوون تەنانەت گەیشتە شەڕی ناوخۆ و خوێن لە بەیندا هەبوو، بەڵام لە کۆتایدا ئامادەی گفتوگۆ بوون سەرەڕای ئەو پاشخانە تاڵەی کە هەیە تا ئێستاش کەس لەو نەوەیەی ئێوە نەیگوتووە کە پەشیمان نیم، بەڵام ئێستا رێگر چییە لەبەردەم سەرکردایەتییەکی نوێ کە ئەو تاڵییەشی نەچەشتووە و ناشتوانن پێکەوە دابنیشن، ئەو شتە چیبوو کە ئێوە دەتانتوانی بیکەن و ئەمان ناتوانن؟
مەلا بەختیار: ئەوەی ئێمە کردمان ئاشتی بوو لە شەڕدا هیچمان درێخیمان نەکردووە هەرکەسێک بڵێت لە شەڕدا ئاشتی خوازبووم راست ناکات هێرش کرابێت بەرگریمان کردووە توانیبێتمان هێرشمان کردووە بەرامبەر بە یەکتر درێخیمان نەکردووە بۆیە جەربەزەیەکی کوشندەمان لە دیموکراسیدا لە ساڵی 1993 تا 1998 و رێککەوتنی واشنتن بە هەموومانەوە.
تۆ بڕۆ ئەدەبیاتی پارتی بەرامبەر یەکێتی و ئەدەبیاتی یەکێتی بەرامبەر پارتی لە شەڕی ناوخۆدا بخوێنەرەوە بزانە رستەیەک ماوە بە یەکمان نەگوتبێت سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەرامبەر بە یەک ببینە بزانە سەنگەرێک ماوە پەلاماری یەکترمان نەدابێت ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئەنجامەکەی رێککەوتن بوو.
با نەکردە پەشیمان بین باشە لەمەیاندا با نەکردە پەشیمان بین نەک شەڕ بکەین و کردە پەشیمان بین هەرچەندە من ئەگەری شەڕ بە دوور دەزانم یەکەم کاک بافڵ لە چاوپێکەوتنەکەی رووداودا ئەوپەڕی رێزی بۆ کاک مەسعود دانا و شەڕ لە بەرنامەیدا نەبوو، ئەگەر لە بەرنامەیدا بێت شتی تر لە بەرنامەیدا هەیە دووەمیش من کاک مەسعود بناسم بەقسەی کەس ناکات بۆ شەڕ.
رووداو: باسی نەبوونی متمانەت کرد لەنێوان پارتی و یەکێتی، ئەوە چ رووداوێکە کە وایکردووە متمانە نەمێنێت؟
مەلا بەختیار: ئابوورییە
رووداو: پارە؟
مەلا بەختیار: ئابووری چەمکێکی فراوانترە لە پارە ئابووری بازاڕە، دانوستانە، بنەمای ئابووری و کۆمپانیاکانە، پەیوەندی کردنە بە دەوڵەتانەوە پرۆسەیەکی دوور و درێژە.
رووداو: بەڵام نە یەکێتی هەژارە و نە پارتیش هەژارە..
مەلا بەختیار: من ملیاردێرم دیوە لە کوردستاندا خۆی پێی گوتووم ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارم هەیە هەموو رۆژێکیش دەچێتە ئۆفیسەکەی ئیش دەکات بۆیە پارەکەی زیاد بکات.
رووداو: لە کۆنفرانسی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک گوتت لە گفتوگۆ و دانوستاندنی یەکێتی و پارتیدا مەنتقی زۆرینە و کەمینە ناخوات بەڵکو مەنتقی سیاسی دەخوات، ئەمە دەقی قسەکەی تۆ بوو کەمێک زیاتر ئەمە روون بکەرەوە..
مەلا بەختیار: ئەوەم سەلماند کە پارتی زۆرینەیە بەڵام گوتم ئەگەر هاتە سەر چارەنووسی کوردایەتی زۆرینە و کەمینە ناخوات، خۆ ئێستا گۆڕان لە عێراقدا هیچ کورسییەکی وەرنەگرت بەڵام زەرورە لەگەڵ پارتی و یەکێتی لە حکومەتدا هەبن، زەرورە جۆرێک لە رێککەوتن و ئیدارە بەیەکەوە هەبێت، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق چەند کورسی هەیە لە پەرلەمان تەنها یەک کورسی، بەڵام سەرۆکوەزیرانە، جەنابی عادل عەبدولمەهدی هیچ کورسی نەبوو کە بوو بە سەرۆکوەزیران.
حیزبوڵای لوبنانی چەند کورسییان هەیە لە لوبنان لە 110 کورسی تەنیا 13 کورسییان هەیە و تەحەکوم بە لوبنانەوە دەکەن، حوسییەکان وەکو وەکو مەزهەب و پێکهاتە و ژمارە و هێز کەمینەن لە یەمەن بەڵام ببینە چییان لە یەمەن کرد، ئێمە لە شاخ وەک یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵێک لە هێزەکان لە شەڕدا بووین یەکێک لەو هێزانە پاسۆک بوو، پاسۆک کەمترین هێزی چەکداری هەبوو بە یادەوەری من باوەڕ ناکەم پاسۆک لە تەمەنیدا گەیشتبێتە 100 پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لەناو ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی تەراتێنی دەکرد و سیاسەتی خۆشی دەکرد و لە ئەنجامدا لەدوای پارتی و حیزبی شیوعی و سۆشیالیست پاسۆکیش چووە ناو بەرەی (جود)ەوە، هێزی چەکدار حسابێکی زۆر زۆر هەستیاری دەبێت بۆ بکرێت هەتا ئەو کاتەی هێزی چەکداری تایبەتی هەبێت هی حیزبەکان و کە لەناو حیزبەکاندا هی شەخسییەتەکان تۆ ناتوانی بە ئارامی بڕیاری سیاسی بدەیت.
رووداو: کاتی خۆشی هەر سوور بوویت لەسەر ئەمە گوتت یەکێتی ئەگەر کورسییەک بهێنێت ناتوانرێ حسابی بۆ نەکرێت.
مەلا بەختیار: یەکێتی ئێستاش کورسییەک بهێنێت باتوانرێت حسابی بۆ نەکرێت، ئەوە نییە گۆڕان کورسیشی نەهێناوە خۆ هێزی چەکداریشی نییە، بەڵام حەرەکەیەکی سیاسییە و ناتوانی ئینکاری لێ بکەیت.
رووداو: هەر لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی گوتت پارتی نابێت لە روانگەی حکومڕانییەوە لە دانوستاندنی سیاسی بڕوانێت، کەواتە چۆن بڕوانێت؟
مەلا بەختیار: من کۆنیش ئەم قسەیەم کردووە، گوتوومە نە پارتی دەتوانێت لە روانگەی حکومڕانییەوە حوکمی یەکێتی بکات، نە یەکێتی دەتوانێت لە روانگەی موعارەزەوە مەرجەکانی خۆی بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، یەکێتی دەبێت تۆزێ بەرز ببێتەوە بۆ حکومڕانی، پارتیش دەبێت لە حکومڕانی تۆزێ نزم ببێتەوە لە ناوەڕاستی رێگە یەک بگرن لەسەر ئەو خاڵانەی کە رێکدەکەون، ئاساییە با کۆمەڵێک خاڵ هەبێت رێکنەکەون حەواڵەی بکەن بۆ ئایندە ئێستا رێکبکەون، ئێستا لەم دۆخە ئیقلیمییەدا لەم دۆخە عێراقییەدا کە من راکەم زۆر رۆشنە لەسەر جەنابی سوودانی، گوتوومە لە دۆخی عێراقدا لە بوونی ئەم هەموو هێزە چەکدارەدا لەم هەموو ناکۆکییەی شیعە و سوننە هەیانە ژینگەی سیاسی عێراق هی ئەوە نییە ئیعتیماد لەسەر پیاوچاکی سوودانی بکەی بۆ ئەوەی هەموو بەرنامەکان و خواستەکانت جێبەجێ بکەیت، لە دۆخێکی وادا یەکێتی و پارتی دەیانەوێت چی بکەن، خراپترین ئیحتیمال ئەوەیە لایەکیان بیر لە دوو ئیدارەیی بکاتەوە ئەمە خراپترین جۆری بژاردەی سیاسییە.
رووداو: ئەوەی ئێستا هەیە دوو ئیدارەیی نییە؟
مەلا بەختیار: هێشتا بە رەسمی دوو ئیدارەیی نییە، هیشتا وەزارەتەکانمان یەکە، هێشتا کە شەڕ دەبێ پێشمەرگە وەک یەک شەڕ دەکات وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش تاوانبار وەکو یەک دەستگیر دەکەن و رادەستی یەکتری دەکەن حکومەت یەکە بودجە دابەش دەکرێت ئەمانە هەمووی دڵخۆشکەرن با ئەمە زیاتر بکرێت کەمتر نەکرێتەوە.
رووداو: بەڵام لەم چەند ساڵەدا قووڵ نەبووەتەوە؟
مەلا بەختیار: نا وەک دیفاکتۆ بە داخێکی زۆرەوە ناوچەی سەوز و ناوچەی زەرد ماوە، هێزی پێشمەرگە یەکی نەگرتووە خۆشمان دەزانین گوشارێکی زۆر لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانەوە بۆ یەکگرتنەوەی ئەم دوو هیزە هەیە تەنانەت نیمچە هەڕەشەش هەیە بڕۆن چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز وەزیری پیشمەرگە بکەن بزانن لە ئەمریکا چییان پێ گوتووە لەسەر یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، یەکێتی و پارتی وایان لێ هاتووە دوو زلهێزترین دەوڵەتی جیهان داوا بکەن هێزەکەمان یەکخەین بەقسەیان نەکەین، لەبیرمان چوو جەنابی مام جەلال چوو بۆ ئەمریکا بە دزییەوە لە چایخانەیەک فەرمانبەرێکی وەزارەتی دەرەوە دەیبینی مام جەلال هەموو جارێک بە پێکەنینەوە دەیگێڕایەوە دەیگوت پارەی چایەکەش من داومە گوتوشیانە دەبێت بە زووترین کات وڵاتەکەمان بەجێبهێڵیت چونکە تۆ مەترسیت لەسەر بەرژەوەندی ئێمە دوایی ئەمریکا مەمنون بوو مام جەلال سەری لێ بدات.
رووداو: بەڵام ئەگەر زۆرینە و کەمینە نەبێت لە بابەتی دانوستاندن و بەڕێوەبردنیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، خۆت زۆر باس لە دیموکراسی دەکەیت یەکێکیش لە بەهاکانی دیموکراسی حسابکردنە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن، رەنگە خەڵکیش بپرسێت و بڵێت کەواتە هەموو پرۆسە دیموکراسییەکەمان لە هەرێمی کوردستان چ بەهایەکی هەیە؟
مەلا بەختیار: تۆ بەم چاوەوە سەیری بکەیت وایە بەڵام بە چاوە فراوانەکە سەیری بکە پارتی چی دەوێت لەوە زیاتر سەرۆکی هەرێم[ی کوردستان] هی ئەوە، سەرۆکی حکومەت هی ئەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش هی ئەوە پایتەخت بە دەستی ئەوە کۆمپانیا و بانک و هاتووچۆی بازرگانی گەورە لەنێوان تورکیا و کوردستان و عێراق لە کۆنترۆڵی ئەودایە دەسەڵات لەوە زیاتر چییە. من باسی دەسەڵات ناکەم من باسی کوردایەتی دەکەم، کە هاتە سەر کوردایەتی و چارەنووسی کورد جا با پارتی زۆرینە بێت یان یەکێتی زۆرینە بێت کە ریزەکان وا تێکبچن دوژمنەکان بە دەستکێشەکانیان یاریمان پێ بکەن قیمەتی چییە.
رووداو: شاندی یەکێتی کە سەردانی لایەنەکانی کردبوو بە لایەنەکانی گوتبوو ئەگەر کوردستان بوو بە دوو ئیدارەیی خەتای پارتییە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەوەندەی تۆ دەیخوێنیتەوە دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا دەڕوات کە ببێتەوە بە دوو ئیدارەیی؟
مەلا بەختیار: پرسیارێکی حەساسە، هەندێک روونکردنەوەت دەدەمێ و هەندێکیشی دەشارمەوە لەبەر بەرژەوەندی کورد نەک لە ترسی کەس، من پێموایە ئەگەر رێکنەکەون یەکێتی و پارتی و هاوسەنگییەک دروست نەکەن لە مەسەلە ئابووری و خزمەتگوزاری و ئیدارییەکاندا، بەو شێوەیەی کە ئێستا ناکۆکی کەوتووەتە نێوان هەردوولا تەسەورم وایە ئەو هەڕەشەیە هەیە.
رووداو: جیدییە هەڕەشەکە؟
مەلا بەختیار: ئەو هەڕەشەیە هەیە کە بەرنامەی دوو ئیدارەیی بیری لێ بکرێتەوە، ناڵێم بڕیاری لێدراوە دەڵێم بیری لێبکرێتەوە.
رووداو: داواکاریی سەرەکی یەکێتی لە پارتی چییە دوور لەوەی لە میدیا دەگوترێت؟
مەلا بەختیار: داواکاری سەرەکی یەکێتی لە پارتی ئەوەیە کە لە حکومەت رازییان بکەن، بودجەکە وەکو یەک لە شوێنێک کۆبکرێتەوە و بەپێی نەخشەیەکی ئابووری ستراتیژیی خزمەتی هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بکرێت.
رووداو: یەکێتی غەدری لێکراوە لەلایەن پارتییەوە؟
مەلا بەختیار: پەیتا پەیتا وا دەڵێت یەکێتی، لە چاوپێکەوتنەکانیان وا دەڵێن، لە نوسینەکانیان وا دەڵێن کاک قوباد ناچێت دەوام بکات، بەشی زۆری وەزیرەکان دەوام ناکەن هەمووی لەسەر ئەوەیە بە حساب.
رووداو: ئەی بە قەناعەتی خۆت؟
مەلا بەختیار: قەناعەتی من ئەوەیە کە کێشەیەک هەیە لەنێوان یەکێتی و پارتی لە حکومەت و لە ئابووریش، ئەم دووکەڵە بێ ئاگر نییە، بەڵام قسەی کامیان دەسەلمێندرێ ژمارەی کامیان دەخوێنرێتەوە، بە داتا فەرموو کۆنفرانسێک ببەستن.
رووداو: واتا پێتوایە کە هیچکامیان نەیانتوانیوە بۆچوونی خۆیان بسەلمێنن؟
مەلا بەختیار: تا ئێستا نەخێر بە داخەوە.
رووداو: باسی کاک قوبادت کرد، ناکۆکییەکان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەشێک لە تیمی یەکێتی کە سەرەکیترینیان بەڕێز قوباد تاڵەبانییە و جێگری سەرۆکوەزیرانە ئەوە مانگێک زیاترە ناچێتە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، پێتوایە ئەو هەنگاوەی تیمی یەکێتی لەناو حکومەتدا بڕیارێکی دروستە؟
مەلا بەختیار: من خۆم لەگەڵ هیچ بایکۆتێک نیم، بەڵام ئەم پرسیارە باشترین کەس کە بتوانێت وەڵامی بداتەوە قوباد خۆیەتی.
رووداو: پەیوەندی پارتی و یەکێتی لەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە باش نەبووە، گلۆر بووەتەوە هەتا گەیشتووەتە ئەم خاڵە و تا ئێستا ئاسایی نەبووەتەوە زەمینەی سرووشتی بوونەوە دەبینیت؟
مەلا بەختیار: جارێ تکام لە پارتی هەیە ئەوەندە لەسەر 16 ئۆکتۆبەر نەڕوات ئەوەندە ئەم قەدماخەیە هەڵنەداتەوە باشە، چونکە خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەکان ناکات، من ئاوا وەڵامت دەدەمەوە لە دوای 31 ئاب نێوانی پارتی و یەکێتی خراپ بوو یان لەدوای 16 ئۆکتۆبەر، ئێمە لە 31 ئاب یەکترمان دەکوشت، لە 31 ئاب رۆژنەبوو لە سەنگەرەکاندا پارتی و یەکێتی نەکوژرێن و قەبرستانەکانی پێ ئاوەدان نەکەینەوە، لە 31 ئاب هەردوولامان ئیسرارمان دەکرد کە ئامادە نین دانیشین و گفتوگۆ پێکەوە بکەین بە خوێنی یەکتر تینوو بووین نەتیجەکەی چی بوو، نە قسەی پارتی دەرچوو و نە قسەی یەکێتی دەرچوو جەنابی مام جەلال سەردانێکی کاک مەسعودی کرد، جەنابی کاک مەسعودیش بە گەورەیی خۆی بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە پێشوازی لێکرد نانێکیان خوارد و چوونە ژوورەوە سەعاتێک دانیشتن پێکەوە و لەسەر هەموو شتەکان رێککەوتن، دوو پیاوی گەورە کێشەی گەورەیان چارەسەر کرد، دوو جوامێر کێشەی گەورەیان چارەسەر کرد.
ئێستا لەدوای 16 ئۆکتۆبەر من هیچ قسەم لەسەر ئەوە نییە رەخنەیان هەیە و پرۆسەکەیان سەرتاپا بەدڵ نییە، من خۆشم بەیاننامەم دەرکردووە لەسەر 16 ئۆکتۆبەر بەڵام من دەڵێم 16 ئۆکتۆبەریش و 31 ئابیش و هەرچی لەوەو پێشیش کراوە با نەبێتە گرێ کوێرەی نێوان یەکێتی و پارتی ئەمە قسەی منە، گرێ کوێرەی نێوان یەکێتی و پارتی نەک نابێ دروست ببێ بەڵکو دەبێ ئەم گرێ کوێرەیە یەکە یەکە بکرێنەوە من ئاوا چاوەڕوانیم هەیە لە هەردوولا، ئێمە دوو حیزبی زۆر بە تەجروبەین پێویست بە نەسیحەت ناکات، خۆ ئێمە بزووتنەوە سیاسییە تازەکان نین، هەندێک فەریکە سەرکردە نین کە تێناگەن لەم رێکخراوی بچووک و لەو رێکخراو بریاری ستراتیژیی چۆن دەدرێت یەکێتی و پارتی لەناو ستراتیژی چارەنووسی کورددا دروستبوون، ستراتیژی چارەنووسی کورد هەر پەیوەستە بە یەکێتی و پارتییەوە چ پێویستیان بە نەسیحەتە.
رووداو: بەڕێز بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبەکاندا گوتبووی من 16 جار سەردانی بەڕێز کاک مەسعودم کردووە و گفتوگۆشم لەگەڵدا کردوون.
مەلا بەختیار: جا چییە، یەعنی ئەگەر سەردان بکات عەیبە یان شانازییە، کاک مەسعود لەو گەورەترە و بەپێی وەسێتی جەنابی مام جەلال کاک مەسعود بە مامی بافڵ و قوباد دانراوە، من ئەم قسەیەم هەم لە خێزانی مام جەلال بیستووە لە هێرۆ خانەوە تا ئاخر کەسیان هەم لە جەنابی کاک مەسعود بیستووە چی تیایە با سەردانی یەکتر بکەن، شاندی پارتیش هاتووە بۆ سلێمانی هی تریش دێت بۆ سلێمانی.
ئەمە نەکەین بە منەت کێ سەردانی کێ دەکات، تەنانەت رێککەوتنیش نەکەین بە منەت رێککەوتن ئەرکە و منەت نییە.
رووداو: یەکێتی ئەو نیگەرانییەشی هەیە و بە لایەنەکانی گوتووە ئەو هەموو سەردانەی پارتیمان کردووە تا ئێستا پارتی سەردانێکی نەکردووین.
مەلا بەختیار: پارتی لێدوانیان داوە کە شاندێکی گەورە پێکدەهێنن و سەردانی لایەنەکان دەکەن و لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەدەنەوە، با چاوەڕوان بکەین.
رووداو: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلالدا گوتی کە رێککەوتنی ستراتیژیی دەستکەوت بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ دیموکراسی و بۆ مافی مرۆڤیش؛ پێتوایە ئێستا رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژیی پێویستە لەنێوان پارتی و یەکێتی؟
مەلا بەختیار: سەیری دۆخی کوردستان بکە پێش بەرەی کوردستانی و سەیری دۆخی کوردستان بکە لە شاخدا دوای بەرەی کوردستانی چەند گۆڕا، سەیری دۆخی کوردستان بکە لەکاتی حکومڕانیدا پێش رێککەوتنی ستراتیژی و دوای رێککەوتنی ستراتیژیی چیمان گۆڕی و چۆن سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتنمان بەدیهێنا، رێککەوتنی ستراتیژیی نەبوایە ئەو هەلومەرجەی لەدوای رووخانی سەدام هاتە پێشەوە کورد دەیتوانی بیقۆزێتەوە. فیدراڵیمان لە دەستووردا دەچەسپاند، مادەی 140مان دەچەسپاند، بودجەمان دەچەسپاند، ئێستاش وایە یەکێتی و پارتی پێویستیان بە سیاسەتی پێداچوونەوەیە بە رابردوویان بەم ماوەیەی کە کێشە لەنێوانیان زۆر بووە دوای ئەوەی خڵتەی ئەو کێشانە پاک دەکەنەوە پێویستیان بەوەیە رێککەوتنێکی ستراتیژیی بکەن. بەرای من رێککەوتنی ستراتیژیی لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەدا بکرێت باشترە، ئەگەر لایەنەکانی دیکەش خۆیان پێی رازی نەبوون و پێیان وابوو لەم هەڵبژاردنە یەکێتی و پارتی ئیحراج دەکەن با پارتی و یەکێتی خۆیان رێککەوتنی ستراتیژیی بکەن.
رووداو: رێککەوتنی ستراتیژیی رابردوو بەرێزت یەکێک بووی لە داڕێژەرانی، ئەگەر رێککەوتنێکی نوێ بکرێت دەبێت چۆن دابەش بکرێت، چۆن بێت و خاڵەکانی چی بن؟
مەلا بەختیار: رێککەوتنی ستراتیژیی مام جەلال و کاک نەوشیروان نووسییان، ئەوە بۆ مێژوو دەیڵێم ئەوان نووسییان ئێمە هەندێک تێبینیمان هەبوو بەڵام ئەوان نووسییان، لەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان کە لە سلێمانی و لە هۆتێل سلێمانی پاڵاس ئەنجامدرا جەنابی کاک مەسعود و مەکتەبی سیاسیی پارتی هاتن بۆ سلێمانی لەوێدا متمانەکە زۆر بەهێز بوو، هەندێک بەستەڵەکی دەروونی هەبوو توانەوە ئەمە زۆر گرنگە بەستەڵەکی دەروونی، هەندێ جار تۆ هەستی پێناکەی ئەو بەستەڵەکە دەروونییە سەر دەشکێنێت، مێشکت دەشکێنێت لاشەت دەشکێنێت بیرکردنەوەت ئیفلیج دەکات، یەکێتی و پارتی جارێکی تر دیسان پێویستیان بە تووانەوەی بەستەڵەکی دەروونییە، ئەو متمانەیە نەماوە لە نێوانیان دەبێ بیگەڕێننەوە.
رێککەوتنی ستراتیژیی کاتی خۆی ئەوەبوو کە حکومەت دەڕوخێت دوای ئەوە دەبێت ئامانجەکانی کورد بەدی بهێندرێت، فیدراڵی لە دەستووردا بچەسپێنین، ئێستا رێککەوتنی ستراتیژیی لەسەرچییە حکومەت دەستی دەستیمان پێدەکات و مادەی 140 جێبەجێ ناکات، حکومەت بودجە و مووچەمان ناداتێ، حکومەت قەرەبووی ئەنفالەکانمان ناکاتەوە، حکومەت هێزی پێشمەرگە چەکدار ناکات، حکومەت لەم دەوڵەت و لەو دەوڵەت کۆسپ دروستدەکات بۆمان، حکومەت یاسای نەوت و گاز پەسند ناکات حکومەت ئەنجوومەنی فیدراڵی دروست ناکات، حکومەت عێراق ناکات بە عێراقی فیدراڵی و فیدراڵ تەنها لە کوردستان ماوە، ئەمانە هەموو ئامانجی هاوبەشی یەکێتی و پارتییە کە ئەو ئامانجانە بەدی بهێنن و رەنگ بداتەوە لە رێککەوتنی ستراتیژیدا.
رووداو: بەڵام خاڵێکی دیکەش هەیە ئەویش بابەتی هەرێمییە، بۆ نموونە گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەڕووی سەربازییەوە ئەمەیان چۆن دەبێ؟
مەلا بەختیار: ئەوە تازەیە، ئەگەر یەکێتی و پارتی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییە بکەن، ئەگەر لەگەڵ عێراق لەسەر بەشێک لەو ئامانجانەی من روونم کردنەوە رێکبکەون هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمی ناتوانێت تەداخول لە هەرێمی کوردستاندا بکات چونکە ئەوکاتە تەداخول دەکات لە عێراق.
رووداو: کەواتە غیابی رێککەوتن رێگای خۆشکردووە بۆ دەستوەردان؟
مەلا بەختیار: غیابی رێککەوتن دەستکێش زۆر دەهێنیتە ناو کوردستان.
رووداو: تۆ هەموو رۆژ لە سلێمانیت و لە سلێمانیش کار دەکەیت، زۆر دەگوترێت کە گەمارۆ لەسەر سلێمانی هەیە، هەستت پێ کردووە؟
مەلا بەختیار: بەڵێ.
رووداو: لە چ روویەکەوە؟
مەلا بەختیار: ئەم هەموو سەرمایەدارە بۆ رادەکەن لە سلێمانی، بەپێی زانیاری من 15 سەرمایەداری تر بەتەمان رابکەن، 109 کۆمپانیا بۆ داخراون، بۆ تا ئێستا کۆمپانیایەکی بیانی نایەتە سلێمانی وەبەرهێنان بکات، ئەمە راست بێت و راست نەبێت کە سلێمانی گەمارۆدراوە ژینگەیەکی وا دروستبووە متمانەی بە بازاڕی سلێمانی کزکردووە، ئەمە لە قازانجی هەولێر نییە، لە قازانجی دهۆک نییە، ئەم بێ متمانەییە کە دروستبووە سەرمایەدار رادەکات و کۆمپانیا نایەت بۆ سلێمانی زەرەری هەولێریشی تێدایە زەرەری دهۆک و کەرکووک و هەڵەبجەشی تێدایە.
رووداو: رەنگە پارتی بڵێت دۆخی سلێمانی، یان ژینگەی سیاسی سلێمانی، یان ئەو ناکۆکییانەی کە هەن ئەم دۆخەی دروستکردووە.
مەلا بەختیار: خانەقین پەندێکیان هەیە دەڵێن. هاوارم برد بۆ وەیس، وەیسیش سوننی دەرچوو وەیس دەبێ شیعە بێت کەچی سوننە دەرچوو، ئەی کێ ئەم دۆخە دەبێت بگۆڕێت، پایتەختی کوردستان دەبێت بیگۆڕێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بیگۆڕێت، پەرلەمانی کوردستان دەبێت بیگۆڕێت، خۆ نابێت ببن بە وەیس.
رووداو: یەکێک لە ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی هەڵبژاردنە، پارتی دەڵێت ئامادەین و یەکێتی دەڵێت ئێمە بەم یاسایە هەڵبژاردن ناکەین، کێشەی هەڵبژاردن یاساکەیە؟
مەلا بەختیار: یەکێکە لە کێشەکان، دەمێکە ئەم ناکۆکییە لەنێوان یەکێتی و پارتی هەیە و تازە نییە ساڵانی رابردووش ئەم ناکۆکییە هەبوو، ئەم گفتوگۆیانەمان هەبووە ئەمساڵیش قووڵتر بووەتەوە ناکۆکییەکە، یاسای هەڵبژاردنە، ناوی دەنگدەرانە، لیستی پیسی دەنگدەرانە، کۆتاکانە، ئەوە هەموو کێشەی لەسەرە، بەڕای من ئەگەر یەکێتی و پارتی بتوانن لەڕووی سیاسی و رێککەوتنی ستراتیژی رێکبکەون ئەمەش چارەسەر دەبێت.
رووداو: پێتوایە کەمبوونەوەی دەنگی یەکێتی پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردنەوە هەبێت؟
مەلا بەختیار: یاسای هەڵبژاردن کاریگەری جۆراوجۆری هەیە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام یەکێتی و پارتی و گۆڕانیش لەدوا هەڵبژاردندا دەوروبەری 700 هەزار دەنگ دابەزیون، هەمان یاسا پێشتر دەنگی زۆریان هێناوە و بە هەمان یاسا دواتر دەنگی کەم دەهێنن ئەوە واتای ئەوەیە بە گشتی سیاسەتی ئەم 3 حیزبە لەناو خەڵکی کوردستاندا متمانەی دابەزیوە.
رووداو: لە زۆنی سەوزدا لەم چەند ساڵەدا هێزی نوێ دروستبوون و پێشبینی دروستبوونی هێزی نوێتریش دەکرێت، بۆچی ئەم هەموو هێزە لەم ناوچەیە گەشە دەکەن و خەڵک دەنگیان پێدەدات؟
مەلا بەختیار: ئەو هێزە نوێیە هەر لە سلێمانی نییە، لە هەولێریش هەیە و لە دهۆکیش هەیە، کاتی خۆی هاوپەیمانی دروستبوو ئەوەی بەڕێز کاک بەرهەم سەرپەرشتی دەکرد لە هەولێریش هەبوو.
مەرکەزی سلێمانی سرووشتی وایە سلێمانی شارێکە هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکارییە هەمیشە لەگەڵ بڕیاری نوێدایە جا بڕیارەکە جاری وا هەیە راستە و جاری واش هەیە ناڕاستە من بەش بە حاڵی خۆم ئێستا پێموایە ئەو هێزەی کە سەنگی هەیە و کاریگەری هەیە و لە دوا هەڵبژاردندا 9 کورسی هێناوە نەوەی نوێیە من لەگەڵ هیچ جۆرە گوشارێک نیم لەسەر نەوەی نوێ، کورد دەڵێت کەچەڵ حەکیم بێت سەری خۆی تیمار دەکات یەکێتی و پارتی با بێن گۆڕەپانی خۆیان پاک بکەنەوە، گەندەڵی لە کوردستان نەهێڵن کێشەی مووچە و پاشەکەوتی مووچە چارەسەر بکەن دەنگدەری خۆیان ئاشت بکەنەوە با نەوەی نوێ هەر رەخنە بگرێت و ناتوانێت دەنگی یەکێتی و پارتی کەم بکاتەوە، بەڵام یەکێتی و پارتی کێشەیان هەیە لەگەڵ خەڵکدا.
من لە پارتی دەپرسم ئەو هەموو دەنگەی لە دوا هەڵبژاردن دابەزیون دیراسەیان کردووە هۆکارەکانی چین لە دهۆک، واز لە هەولێر و سلێمانی بێنە یەعنی چی پارتی لە دهۆک ئەو هەموو دەنگە دابەزیوە ئەبێ ئەمە لێکدانەوەی قووڵی لەسەر بکرێت، بەپێی دوایین راپرسی 53%ی خەڵک بڕیاریانداوە بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، لە ئێستاوە تا هەڵبژاردن دەستپێدەکات ئەگەر 10%ی بێتە خوارەوە و 43% بەشداری نەکەن دابەشی بکە بەسەر حیزبەکاندا بزانە چەند لە حیزبەکان دادەبەزێت بە تایبەتی یەکێتی و پارتی.
رووداو: پێتوایە هەڵبژاردن ساڵێکی دیکە دەکرێت؟
مەلا بەختیار: بە دواخستنی هەڵبژاردن یەکێتی و پارتی زۆر ئیحراج بوون لەبەردەم رای گشتیدا ئەگەر هەڵبژاردن ساڵێکی تر نەکرێت من پێموایە زەرەری زۆرترە.
رووداو: خاڵێکی نێوان پارتی و یەکێتی ئێستا کە پەیوەندییەکانی زۆر ئاڵۆز کردووە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جافە، چۆن لێی دەڕوانی؟
مەلا بەختیار: ئەمە زۆرتر دەزگا زانیاری و ئاسایشییەکان دەتوانن لەسەر وردەکارییەکەی قسە بکەن، من بەش بە حاڵی خۆم لە هیچیان پرسیارم نەکردووە و ناشیکەم، بەڵام یەکێتی داوای کرد لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە بکات و پارتی رازی بوو، هەم یەکێتی مافی خۆی بوو داوای ئەو لیژنەیەی کرد و هەم پارتی کارێکی باشی کرد قبوڵی کرد، دەی فەرموو با لیژنەکە دروست بکرێت، بۆچی دوایدەخەن با لیژنەکە دروستبکرێت و بیانووی هیچ لایەک نەمێنێت.
رووداو: پێتوایە رێگە دروستەکە ئەوەیە؟
مەلا بەختیار: بەڵێ رێگە دروستەکە ئەوەیە، داوای یەکێتیشە، ئەوکاتە یەکێتی چۆن دەتوانێت بڵێت لیژنەکەم ناوێت.
رووداو: ساڵی پار لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتت دوای ساڵێک بڕیار لە کارەکانی کاک بافڵ تاڵەبانی دەدەم، ئێستا کاتەکەی هاتووە؟
مەلا بەختیار: سیاسەتی من دیارە ئێستا، پێموایە دوای چوارەمین کۆنگرە یەکێتی پاشەکشێ دەکات و لەدوای 8 تەممووز یەکێتی تووشی جەزرەبەیەکی کوشندە بووە، بێ متمانەیی لەناو یەکێتی و لە دەرەوەی یەکێتی و دابەزینی دەنگەکانی مەعلومە چی بەسەر هاتووە یەکێتی، من پێموایە سەرلەبەری سیاسەتی یەکێتی لەناو کۆنگرەی چوار و لەدوای کۆنگرە سیاسەتێکی بەرپرسانەی دەوێت، پیانەچنەوە و بە هەموومان هەڵەکان چارەسەر نەکەین یەکێتی تووشی پاشەکشێیەکی ترسناک دەبێت.
رووداو: ئەمە رای تۆیە یان رای زۆرێک لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتییە؟
مەلا بەختیار: ئەوەندەی من بزانم بەشی زۆری ئەنجوومەنی باڵا ئەم رایەی هەیە.
رووداو: تا چەند بە هەند وەردەگیرێت؟
مەلا بەختیار: زانیاریم هەیە کە لەناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیش باس لە دۆخی یەکێتی دەکرێت و پەرۆشیشن ئەم کێشانە رۆنەچێت زیاتر بەڵام تا ئێستا بڕیارێکی ئازایانە و بوێرانەی تێدا نەبووە.
رووداو: پارتی کۆنگرەی کرد، یەکێتی پێویستی بە کۆنگرەیەکی دیکە هەیە؟
مەلا بەختیار: بەڵێ، یەکێتی پێویستی بە کۆنگرەیە بەڵام پێش هەموو شتێک ئەم کۆنگرەیە سەرکۆنەی کۆنگرەی پێشوو بکات، بەراستی ئەوە کۆنگرە نەبوو، من هەندێ نهێنی کۆنگرەم لایە ئێستا نایڵێم.
رووداو: کەی دەیانڵێیت؟
مەلا بەختیار: رۆژێ لە رۆژان دێت بەبێ ئەوەی پرسیارم لێ بکەن دەیانڵێم.
رووداو: ئەگەر کۆنگرە نەبوو ئەی چی بوو؟
مەلا بەختیار: موئامەرە بوو.
رووداو: لە دژی کێ؟
مەلا بەختیار: لە دژی سەرکردە کۆنەکان، لە دژی ئەو سیاسەتەی کە سیاسەتێکی هاوسەنگی بوو پێشتر، لە دژی ئەو سیاسەتەی کە توانیبوومان هەرچەند ناکۆک بین لەگەڵ پارتی نەمان دەهێشت لە گرێژنە دەربچێت، نەماندەهێشت دوژمنان سوود لە ناکۆکییەکانمان وەربگرن ئەو سیاسەتەی کە داعشمان بەیەکەوە شکاند کەم نەبوو ئەوە، ئەو سیاسەتەی لە بەغدا دەمانتوانی سەرکەوتنی باش بەدەست بهێنین، وردە وردە ئەمە لەدوای چوارەمین کۆنگرە نەما، ئەگەر چوارەمین کۆنگرە توانی یەکێتی بکات بە یەکێتییەکی عەیارە 24 و وەک خۆیان دەڵێن یەکێتیمان گەڕاندەوە بۆ سەردەمی مام جەلال ئەی بۆ ئێستا هەندێکیان قسە دەکەن و دەڵێن یەکێتی لە حەیاتی وانەبووە یەعنی چی یەعنی لە سەردەمی مام جەلالیش وانەبووە.
رووداو: زۆرجار باس لە رێبازی مام جەلال دەکرێت، ئەو یەکێتییەی ئێستا دەیبینی لە کوێدا لەسەر رێبازی مام جەلالە؟
مەلا بەختیار: لەوەدا کە ناتوانن کێشەی یەکێتی و هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی چارەسەر بکەن رێبازی مام جەلال نییە، لەوەدا کە ئۆرگانەکانی یەکێتی بێتاقەتن ئەمە سیاسەتی مام جەلال نییە چونکە مام جەلال هەموو جارێک کە هاتووەتەوە لە هەر کۆمیتەیەک لە هەر مەڵبەندێک کێشە هەبووبێت بانگی کردوون و چارەسەری کردووە، لەوەی کە بە سەدان کادر گوتراوە مووچەی دەبڕێ و بڕۆرەوە ماڵەوە دانیشە، سیستمێکی داهێنراویان هێناوە بۆ ئەوەی لە مەڵبەندەکان هەندێک کەس دابنێن و بە هەندێ کەسیان گوتووە ئێوە براگەورە بن، براگەورە مستەلەحێکە لە شاخ بەکار دەهێنرا هەر کەسیک تڕۆ بکرایە دەیانوت بووە بە براگەورە ئەمە سیاسەتی مام جەلال نییە، مام جەلال دروشمەکەی زۆر جوان بوو دەیگوت نە کەسمان لێ زیادە و نە بە کەسیش دەڕوخێین ئیشی بۆ هەموو کەسێک پەیدا دەکرد مام جەلال.
رووداو: غیابی ئێوە ئەو گرفتانەی دروست کردووە؟
مەلا بەختیار: هەتا مرد ئەوپەڕی وەفای هەبوو بۆ سەرکردە کۆنەکان، ئێمە 3 جیلین لەناو یەکێتیدا، نەوەی یەکەم مام جەلال و هاوڕێکانێتی، نەوەی دووەم ئێمەین کە هیچ بێ رێزییەکمان لە مام جەلال لە مەوقعی خۆمان و لە چارەنووسی خۆمان نەدیوە، نەوەی سێیەمیش ئەمانەن کە ئێستا سەرکردایەتیی یەکێتی دەکەن.
رووداو: ئەمانەی ئێستا بە وەفا بوون؟
مەلا بەختیار: من ناڵێم بێ وەفان، بەڵام تێناگەن لە گرنگی هاوسەنگی، تێناگەن لە گرنگی ئەزموونی ئێمە لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، نەک تێناگەن بەڵکو لە کۆنگرەدا موئامەرەیان کرد تا کادرە هەرەباش و هەرە بە ئەزموونەکان دووربکەونەوە.
رووداو: پارتی وای نەکرد لە کۆنگرەی خۆیدا؟
مەلا بەختیار: نا پارتی وای نەکرد، بیریان لەوە کردبووەوە کە لاسایی ئەم شتە شکستخواردووەی یەکێتی بکەنەوە و موناقەشەیان کردبوو، بەڵام لە دوا نەتیجە جەنابی کاک مەسعود حەسمی کردبوو کە ئەو تەجروبەیە دووبارە نابێتەوە.
رووداو: با بێینە سەر عێراق، د. لەتیف رەشید لەسەر پشکی کێ حیساب بکرێت؟
مەلا بەختیار: بۆ مێژوو با ئەو قسەیە بکەم د. لەتیف لە خوولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێ تەمومژ لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی بەرێز د. بەرهەم بوو، نیو کاژێر پێش ژماردنی دەنگەکان 3 ئەندام پەرلەمانی یەکێتی لێدوانیان هەیە دەڵێن بەربژیری ئێمە د. بەرهەمە و هەر ئەویش دەردەچێت یەقینیان هەبوو لە دەرچوونیدا و یەقینیشیان هەبوو لە دەرنەچوونی د. لەتیفدا، ئەمە سیاسەتی یەکێتی بووە کە بڕیاریان لێداوە و لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پەسندیان کردووە ئەم بڕیارە بەڵام لە نەتیجەدا دوو کەس ئەم معادەلەیەیان گۆڕی، د. لەتیف خۆی نەبوو راستە د. لەتیف کۆڵی نەدا کە خۆی کاندید کرد و بە شێوەیەک لە شێوەکان معادەلەکەی دەخوێندەوە، دوو کەس معادەلەکەیان گۆڕی یەک جەنابی کاک مەسعود، کە بڕیاریاندا کاندیدەکەیان بکشێننەوە و دەنگ بە د. لەتیف بدەن، دووەم ئەوەی کە لە بڕیاری کاک مەسعود کاریگەرتر بوو بڕیارەکەی نووری مالیکی بوو معادەلەکەی سەرتاپا گۆڕی.
یەکێتی دەبێ ئێستا لەخۆی بپرسێت نووری مالیکی کە قائیدی ئیتاری تەنسیقی بوو، ئەوە چۆنە لە هەفتەی کۆتایدا لە یەکێتی هەڵگەڕایەوە و دەنگی بە کاندیدی یەکێتی نەدا، یەکێتی چووەتە ئیتارێکەوە کە ناوی ئیتاری تەنسیقییە بەبێ ئەوەی هیچ ریککەوتننامەیەکی هەبێت لەسەر هیچ خاڵێک لەسەر بنەمای متمانە چووەتە ناو ئیتاری تەنسیقی لەبەرئەوەی هیچ رێککەوتنێک نەبووە مالیکی خۆی بە سەرپشک زانی لەگەڵ پارتی رێکبکەوێت و دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی نەدات.