مەسرور بارزانی سوپاسی هاوکاریی کۆریای باشوور بۆ هەرێمی کوردستان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە کۆبوونەوەیەکدا "تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور" کراوە و مەسرور بارزانی سوپاسی هاوکاریی ئەو وڵاتەی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 29-11-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە چۆی سۆنگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، لە دیدارەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق، ئەو باڵیۆزە، "وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کورتەیەکیشی دەربارەی کار و پڕۆژەکانیان لە هەرێم [هەرێمی کوردستان] خستەڕوو."

 

 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆریای باشوورەوە بە تایبەت لەڕووی "بەدیجیتەڵکردن و بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی گرێبەستە گشتییەکان کە دەبێتە هۆی سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و کەمکردنەوەی بیرۆکراتی و پەرەپێدانی روونی و شەفافیەت" سوپاسی ئەو وڵاتەی کردووە. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.