خوێندکارانی بەشدار لە پرۆگرامێکی حکومەتی عێراق تێچووی مانەوەیان زیاد دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەو خوێندکارانەی لە چوارچێوەی پرۆگرامی (لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق) دەنێردرێنە دەرەوە، لە هەندێک خزمەتگوزاری سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تشرینی یەکەم عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتى خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمەڵێک بڕیار لە بەرژەوەندیى ئەو خوێندکارانە دراوە کە لەو پرۆگرامەدا بەشدار دەبن.
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، گرنگترین بڕیارەکان ئەمانەن:
1- خوێندکارەکان دەتوانن لە هەرێمى کوردستان دەستەبەرى بکەن. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەبێتە لایەنى سێیەم لەو دەستەبەریە.
عەباس ئەکرەم دەڵێت، "پێشتر دەبوو بەربژێرەکان بچوونایەتە بەغدا و لەوێ دەستەبەرییان بکردایە."
2- رەزامەندی وەرگیراوە بۆ گۆڕینى پسپۆڕیى بەربژێرەکان، بەو مەرجەى هەر بەربژێرێک کە دەخوازێت پسپۆڕییەکەى بگۆڕێت، لارینەبوونى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان وەربگرێت.
3- بڕیادراوە بە زیادکردنى تێچووی مانەوەی مانگانە بۆ ئەو بەربژێرانەی سەڵەتن لە 1700 دۆلارەوە بۆ 2200 دۆلار؛ ئەوانەش کە خێزانیان هەیە لە 2700 دۆلارەوە بۆ 3700 دۆلار زیادکراوە.
4- وردەکارىی تەواو سەبارەت بە بیمەى تەندروستى، تێچووى گەشتکردن، کرێى خوێندنى ساڵانە، دابینکردنى پێداویستیەکان، کۆرسى زمان، کرێى چاپکردنى نامەى ماستەر و تێزى دکتۆرا بەپێى پسپۆڕییەکان دیاریکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی، "ئەوە دەستکەوتە بۆ بەربژێرەکان تاوەکو لە ژینگەیەکى لەبار و باشتر بتوانن بەشێوەیەکى سەرکەوتووانە خوێندن لە وڵاتان تەواو بکەن."
هەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی بەغدای کرد، بە ئامانجى چارەسەرکردنى ئەو گرفت و ئاستەنگانەى رووبەڕووى خوێندکارانی وەرگیراوی هەرێمى کوردستان لە پرۆگرامی (لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق) دەبنەوە.
24ی تەمموزی 2023 سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێشخەری ناردنی 5 هەزار کەسی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات راگەیاند کە لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق سەرپەرشتی دەکات و هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەند دەبن.
بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکانی ئەو بەرنامەیە، بۆ خوێندنی ماستەر پێشکەشکار نابێت تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت و بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت تەمەنی لە 35 ساڵ زیاتر بێت؛ هەروەها بۆ ئەم قۆناخەی پێشکەشکردن، دەبێت فەرمانبەر بێت لە یەکێک دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی فیدراڵی.