وەزارەتی کارەبا: پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری فراوان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بە سەرپەرشتیی وەزیر، ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پڕۆژەی "رووناکیی کارەبای 24 کاژێری"یان تاوتوێ کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، "بڕیاردرا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا بەڕێوەببەن و دەسەڵاتەکان بۆ خوارەوە شۆڕبکرێنەوە."
بەرپرسێک لە وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەت خۆی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی لە ئەستۆ بووە، لەمەودوا دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەوەرێکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبا "تایبەت بوو بە هەنگاوەکانی پڕۆژەی رووناکیی کارەبای 24 کاژێری. سەڕەرای ئەوەی پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کارەبا و لەلایەن هاووڵاتییانیشەوە پێشوازییەکی باشی لێکراوە، ئەم پڕۆژەیە فراوانتر دەبێت و رێنوێنییەکانی پێدانی کارەباش بەپێی دۆخی نوێ هەموار دەکرێتەوە."
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر ئەمڕۆ بڕیاردراوە دەستبکرێت بە چاکسازیی وەرزی زستانە بۆ تۆڕەکانی کارەبا.
ئەنجوومەنی وەزارەت پێکهاتووە لە وەزیر، راوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا.