کشتوکاڵی گەرمیان: نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەوی کراوەتە تەماتە و خەیار
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 20 هەزار دۆنم بە تەماتە و خەیار و باینجان داچێنراوە و بەراورد بە دووساڵی رابردوو، بەروبوومە کشتوکاڵییەکان باشتربوون. دەشڵێت، "گەرمیان دوو ساڵی زۆر سەخت و قورسی بەڕێکرد، بەڵام حکومەت هیچ هاوکارییەکی نەکردین."
شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بەروبوومی کشتوکاڵی، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو زۆر باشتربووە و ئەم ساڵ نزیکەی 20 هەزار دۆنم بە تەماتە، خەیار و باینجان داچێنراوە، ساڵانە نزیکەی 1500 دۆنم زەوی لە دوو وەرزدا دەکرێتە پەتاتە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، بۆ زیاتر خستنەڕووی بەرهەمی جووتیاران، سبەی دووشەممە 30-10-2023، لەکەلار پێشەنگەیەکی تایبەت بە بەرهەمی جووتیاران دەکرێتە و تایبەت دەبێت بە سەوزەی گردەگۆزینە.
شادیە حوسێن دەڵێت، شارەدێی گردەگۆزینە لە گەرمیان، ناوچەیەکی بەپیت و بەناوبانگە بۆ بەرهەمی سەزە و ساڵانە نزیکەی چوار هەزار دۆنم دەکرێتە سەوزە و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا ساخ دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 980 خانووی پلاستیک هەن کە زۆرینەیان خەیار بەرهەمدێنن، "لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵییەوە، بەرهەمی باخداریمان نەبووە، بەڵام ئەم ساڵ باشترە".
لەبارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا چەند پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی کەرتی کشتوکاڵی جێبەجیکراون لەوانە؛ پرۆژەی بەخێوکردنی مانگا بۆ بەرهەمی شیر لەسەر رووبەری 300 دۆنم، کارگەی بەرهەمهێنانی قارچک، پرۆژەی هەڵهێنەری جووجەڵە، کارگەی وشكکردنەوەی گەنمەشامی تەواوکراون و ئێستا بەرهەمەکانیان رەوانەی بازەڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن.
گوتیشی، "جگە لەو پرۆژە گەورانە، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 142 کێڵگەی پەلەوەری هەن و ئێستا رەزامەندیمان لەسەر دروستکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی داوە کە رووبەرەکەی 6 دۆنم زەوییە".
لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییدا گەرمیان زۆرترین زیانی بەرکەوت.
شادیە حوسێن دەڵێت، "گەرمیان دوو ساڵی زۆر قورس و سەختی بەڕێکرد و حکومەت هیچ هاوکارییەکی نەکردووین بۆ پاڵپشتی جووتیاران و ئاژەڵداران، سەرەڕای ئەوەی داوای بوجەمان کردووە بۆ کڕینی بنەتۆ و ئالیک بۆ ئاژەڵداران، چونکە کەرتی ئاژەڵداری لەگەرمیان کەوتە مەترسییەوە، چونکە نزیکەی 700 هەزار سەر ئاژەڵ [بەهەموو جۆرەکانییەوە] لەسنووری گەرمیاندا هەن".
لەبارەی پێدانی بنەتۆو بە جووتیارانی سنووری گەرمیان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، "ئەم ساڵ نزیکەی 150 تۆن گەنمان هەیە، بنەتۆوی کەلار1 و کەلار2 کە بەرهەمی توێژینەوەی گەرمیانە و دەدرێتە جووتیاران."