کشتوکاڵی ئاکرێ: ئەم ساڵ بەرهەمی برنج زیاتر لە 10 هەزار تۆن و هەنجیر 7 هەزار تۆن بووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، ئەم ساڵ بەرهەمی برنج و هەنجیر بەراورد بە پار زیادیکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، ئەندازیار فازل مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ بەراورد بە پار بەرهەمەکانمان زیادیکردووە، بە تایبەتی برنج و هەنجیری ئاکرێ، هەندێک لە بەرهەمەکانمان هەناردەش دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی: "ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار و 200 تۆن برنج لە ئاکرێ بەرهەم هێندراوە، لە کاتێکدا پار 7 هەزار و 675 تۆن برنجمان بەرهەم هێنابوو".
 
لەبارەی بەرهەمی هەنجیریش، ئەندازیار فازڵ مستەفا دەڵێت: "پار زیاتر لە 5 هەزار تۆن بەرهەمی هەنجیرمان هەبوو، بەڵام ئەم ساڵ نزیکەی 7 هەزار تۆنمان هەبوو."
 
لە ئاکرێ شووتیش دەچێندرێت، بەڵام ئەم ساڵ بەرهەمەکەی کەم بووە.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی: "ئەم ساڵ بەرهەمی شووتی بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمی کردووە، بەهۆی ئەوەی ساڵانە دەبێت زەویی ئەم بەرهەمانە گۆڕانکاری بەسەر بێت و نابێت تەنیا یەک بەرهەمی لێ بچێندرێت، پار 7 هەزار و 420 تۆن شووتی بەرهەم هێندراوە، بەڵام ئەم ساڵ نزیکەی 6 هەزار و 200 تۆن بوو."