خوێندن لە زانکۆی سلێمانی دواخراوە؛ ئەمە هۆکارەکەیە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە زۆرینەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتا بۆ نێوەڕاستی ئەم مانگە خوێندنیان دەستپێکرد، بەڵام سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، خوێندنیان دواخستووە. بەرپرسێکی زانکۆکە دەڵێت، چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتن.
 
بڕیار بوو دوێنێ وەرزی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە زانکۆی سلێمانی دەستپێبکات، بەڵام سەرۆکایەتیی زانکۆکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەهۆی نەگەڕانەوەی وەڵامی تەندەری ئامادەكردن ‌و پاككردنەوەی بەشە نێوخۆییەكان دەوامی خوێندنی زانكۆ دوادەخرێت."
 
یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری دواخستنەکە تەنیا تەندەرەکانە کە نێردراون بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانی وەڵامین."
 
یۆهان عوسمان گوتی، دوای گەڕانەوەی رەزامەندی لەسەر تەندەرەکان، لە ماوەیەکی کەمدا و دوای رێکارەکان بە فەرمی دەستپێکردنی خوێندن رادەگەیێنن.
 
لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر چەند رۆژێکە خوێندن دەستپێکراوە. سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "خوێندن دەستیپێکردووە. بەشە نێوخۆییەکان بەسەر خوێندکاراندا دابەشکراون و پڕۆسەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت".
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی گوت، "هەر زانکۆیەک رۆژژمێری تایبەت بە خۆی بۆ دەستپێکردنی دەوام و خوێندن هەیە."
 
لە زانکۆی دهۆک وەرزی نوێی خوێندن دەستیپێکردووە و 01ـی ئەیلوول بەشەنێوخۆیی درایە خوێندکاران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە