پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ 10 مامۆستای ئایینییان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، 10 مامۆستای ئایینییان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێر کردووە. 
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی هەزار و 191 بەربژێر، هەریەک لە پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ، 10 مامۆستای ئایینییان بەربژێر کردووە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆی 54 بەربژیر، لە هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان، هیچ مامۆستایەکی ئایینی بەربژێر نەکردووە.  
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی 190 بەربژێر لە هەرچوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، شەش مامۆستای ئایینی بەربژێر کردووە کە سێیان لە بازنەی هەولێرن: هەریەک لە مەلا عیمادەدین مەلا فائیز، عەبدولباست بالیسانی و مەلا عەبدولعەزیز. لە بازنەی دهۆکیش دوو مامۆستای ئایینی لەسەر لیستی پارتی بەربژێرن.
 
مەلا عیمادەدین مەلا فائیز، کە لە بازنەی پارێزگەی هەولێر لەسەر لیستی پارتی بەربژێر کراوە، لەبارەی ئامانجی خۆبەربژێرکردنی بە رووداوی گوت: "هەروەکو مینبەری گوتاربێژی، پەرلەمانی کوردستانیش مینبەرێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و کارکردن لەپێناو خزمەتکردن و دەمەوێت لەو مینبەرەشەوە بەرگری لە مافەکانی خەڵک بکەم." 
 
مەلا عەبدولعەزیز جەبار مەنتک کە بەربژێرێکی دیکەی پارتییە لە بازنەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئامانج لە خۆبەربژێرکردنی بۆ هەڵبژادنەکانی پەرلەمان "خزمەتکردنی ئایین و نیشتمانە." 
 
یەکێتی بۆ ئەم هەڵبژاردنانە لە کۆی 160 بەربژێر، سێ مامۆستای ئایینی بەربژێرکردووە و هەرسێکیان لە بازنەی سلێمانین: مەلا ئیدریس ژاڵەیی، مەلا حوسێن دووکانی و مەلا عەبدوڵڵا وەسمان ئادەم.
 
نەوەی نوێش مامۆستایەکی ئایینی لە بازنەی پارێزگەی سلێمانی بەربژێر کردووە بە ناوی عوسمان شێرەیی.
 
یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوەى ئیسلامىی کوردستانیش، 11 مامۆستای ئایینییان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەربژێر کردووە، یەکێکیان سەرۆکى لیستە لە بازنەى پارێزگاکەی.
 
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردن و ئامارى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سێ مامۆستاى ئایینى لە لیستى بەربژێرانى لیستەکەماندان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە هەر سێ بازنەکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک".
 
بێستوون حەمەساڵح گوتى: "هەر سێ بەربژێرەکە پێشنوێژ و گوتار خوێنن، بەڵام لە گوتاردان دوورخراونەتەوە."
 
مەلا عەنتەر عیسا، لە بازنەى دهۆک سەرۆکى لیستى کۆمەڵى دادگەرییە. ئەحمەد سۆفى حامد لە بازنەى هەولێر و مەلا عەبدوڵڵا قوڕقوڕەیی لە بازنەى سلێمانى مامۆستای ئایینین و بەربژێرى کۆمەڵى داگەریین بۆ پەرلەمانى کوردستان.
 
یەکگرتووى ئیسلامیی کوردستان لە سێ بازنەى هەڵبژاردن 7 مامۆستای ئایینی بەربژێر کردووە.
 
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سێ مامۆستاى ئایینى لە بازنەى هەولێر لە لیستى بەربژێرانى یەکگرتووى ئیسلامین، لە دهۆکیش سێ مامۆستای ئایينى و لە سلێمانی مامۆستایەکى ئایینى لە لیستى بەربژێراندان و هەندێک لەو مامۆستایانە پێشنوێژ و گوتار خوێنن."
 
مەلا رەشید خانۆ، مەلا شاکر محەممەد، مامۆستایانى ئایینى بەربژێرى یەکگرتووى ئیسلامین لە دهۆک، لە هەولێریش هەریەک لە مامۆستایانى ئایینى، ئیسماعیل محەممەد، ئیدریس کەریم، هێمن محەممەد، لەسەر لیستى یەکگرتوو خۆیان بەربژێر کردووە.
 
سەلام کەریم، ئەندامى سەرکردایەتیى بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "یەک مامۆستاى ئایینی لەنێو بەربژێرانماندان بۆ پەرلەمانى کوردستان." بەربژێرەکەى بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان، ناوى ئەبوبەکر ئەحمەدە لە بازنەى سلێمانی و بە مەلا خەتاب ناسراوە. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان کە چوارشەممە، 25ـى ئەیلوول بڵاویکردەوە، نابێت مزگەوت‌، قورئان ‌و پیرۆزییە ئایینییەکان کە موڵکی هەموو موسڵمانانی کوردستانن بکرێنە بەشێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێویستە پیرۆزییان رابگیرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە