یەکێتیی مامۆستایان: کار بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی ساڵانی پێشوو دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

دوای بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان، ئەو وانەبێژانەی ساڵانی پێشووتر بەهۆکاری جیا وازیان هێناوە یان دوورخراونەتەوە، داوا دەکەن ئەوانیش گرێبەستیان بۆ بکرێت. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، کار بۆ جێبەجێکردنی داواکەیان کراوە.
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-9-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەوڵ بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی ساڵانی پێشوو هەیە، بەڵام کاتی دەوێت و دەبێت سەرەتا ئامارێکی دروست بەردەست بێت.
 
16ـی ئەم مانگە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو مامۆستایانەی ساڵانێک خزمەتیان بە وانەبێژی کردووە و دواتر بە هۆکاری جیاواز لە خزمەتی وانەبێژی نەماون، پێویستە فۆرمێکی تایبەت پڕبکەنەوە لە پەروەردەی قەزاکان پڕبکەنەوە کە واژۆی خۆیانی لەسەر بێت.
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، "نیازێکی باش بۆ ئەو وانەبێژانەی رابردوو هەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا دابنرێن. لە داهاتووشدا هەر ئەوان لەپێشینە دەبن بۆ دامەزراندن." 
 
هەر ئەمڕۆ کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تەواو بووە و دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، بیگێڕنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دواتریش بۆ وەزارەتی پەروەردە.
 
25ـی ئابی ئەم ساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مامۆستایانی وانەبێژ کە ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 دەوامیان کردووە بکرێنە گرێبەست.