هاوار و ناڵەی کەسوکاری قوربانییان لە گۆڕستانی قیامە 'قیامەتی هەستاندووە'
رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە فرمێسک و هاوار و ناڵەی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە نەوەستاوە. بەڕێکردنی تەرمی قوربانییان بەرەو گۆڕستان و بەخاک سپاردنیان بەردەوامە. خێزانی بەشێک لە برینداران لە چاوەڕوانیی مەرگی ئازیزانیانن و لە هەر کاتێکدا بێت، فریشتەی مەرگ رووحی دایک، باوک، خوشک، برا، کەسوکارییان دەبات. شیوەن و رۆڕۆی حەمدانیەکان ئاسمانی گرتووە و فرمێسک لەسەر گۆنایان جۆگەلەی بەستووە.
پەیامنێری رووداو لەبارەی ئەو دیمەنە ناخهەژێنانەی لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمەکاندا دەڵێت، "کەسوکاری قوربانیان لە دۆخێکی زۆر سەختدان، لە گۆڕستانی قیامە لە حەمدانیە قیامەتیان هەستاندووە، گریان و ناڵە و هاواری ژن و پیاو منداڵ تێکەڵ بوون."
نازانێت بۆ کامیان فرمێسک بڕژێت
یەکێک لە چیرۆکە کاریگەرەکانی حەمدانیە، چیرۆکی غەزوان عامرە؛ دوو برا، براژنێک و برازایەکی لەدەستداوە و برازایەکی تەمەن دوو ساڵانیشی بێسەروشوێنە. لە پرسەکانیان دانیشتووە و نازانێت فرمێسک بۆ کام ئازیزی بڕژێت.
ئەوانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، کریستیان بوون، هەر بۆیە لە رێوڕەسمێکدا لە گۆڕستانی تایبەت بە کریستییانەکان بەخاک سپێردران. ئەم دوو رۆژە رۆژێکی سەخت بوو بۆ حەمدانیە، خێزانی قوربانییان هێندە گریاون و لەخۆیان داوە هێزیان تێدا نەماوە، خۆیان بەسەر تابووتی کۆچکردووەکاندا داوە.
"پاشماوەکان بوون بە خەڵووز"
تیمی رووداو چەند دیمەنێکی بەردەم هۆڵی هەیسەمیان تۆمارکردووە، ئەو هۆڵەی کارەساتەکەی تێدا روویدا. مەمەشیری منداڵ، جلوبەرگی ئاهەنگ، پێڵاو و کەلوپەلی یاریکردنی منداڵ و چەندین کەلوپەلی دیکەی قوربانییانی رووداوەکە تێکەڵ بەیەک بوون. بەشێکیان بوون بە خەڵووز. وەکو خێزانەکانیان دەڵێن، بە بینینی دیمەنی هۆڵەکە و تێکەڵبوونی پاشماوەی قوربانییەکان ئازارەکەیان زیاتر دەکات.
لە دوای رووداوەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەینی، 29-9-2023، تاوەکو ئێستا نزیکەی 68 تەرم بەخاک سپێردراون، ، بەشێکی کەسوکارییان لە گۆڕستانی قیامە باری تەندروستییان تێکچوو، تیمەکانی فریاگوزاری بە فریایان کەوتن و چارەسەریان بۆ کردن.
بەشێک لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بە کەسوکاریان گوتراوە، هەر لە گۆڕستانی قیامە، گۆڕیان بۆ ئامادەبکەن و دەرفەتی ژیانیان زۆر کەمە، خێزانەکانیان بە بێ ئومێدی و چاوی پڕ لە فرمێسکیانەوە چاوەڕێی مەرگیان دەکەن.
یەکێک لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە بە رووداوی گوت، "بەدۆخێکی سەختدا تێدەپەڕین، دەبێت حاڵمان چۆن بێت؟ کەسوکارەکەمان بە بەرچاومانەوە گیان لەدەست دەدەن."
بەهۆی خراپیی دۆخی 10 بریندار، کە رێژەی سووتانی جەستەیان زۆرە و لە نێوان 60٪ بۆ 90٪ـە، مەترسی هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزببێتەوە، کە تا ئێستا زیاتر لە 100 کەسە.
رووداو ئازار و ناڵەی کەسوکاری قوربانییانی بە جیهان گەیاند و بەشێکی زۆری ئاژانسە جیهانییەکان لە رووداوەوە وێنە و زانیارییەکانیان دەگواستەوە.
هەرچەندە بەڵێنی قەرەبووی مادی دراوە بە کەسوکاری قوربانییەکان، بەڵام وەکو ئەوان دەڵێن، ئەوە لە ئازارەکانیان کەم ناکاتەوە و خەمباری دڵەکانیان ناڕەوێنێتەوە.
دیوارەکانی حەمدانیە یەک پارچە بووەتە لافیتەی پرسەی قوربانیان و لە هەموو کووچە و کۆڵانێکی حەمدانیە شیوەن و هاوار و ناڵەیە، و پرسە و ماتەمینی تەواوی شارەکەی گرتووەتەوە. باوەش بە یەکتردا دەکەن تاوەکو ئازار و گڕی دڵیان بە یەکتر دابمرکێنن و سووکنایی دڵیان دابێت.
شەوی سێشەممە، 26-9-2023، لە کاتی ئاهەنگی بووکگواستنەوە لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا، پریشکی ئاگری یاریی ئاگرین شایی لە بەشداربووان کرد بە شین و لە رووداوەکەدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و 150 کەسی دیکەش بریندار بوون، تاوەکو ئێستاش چارەنووسی بەشێک لە قوربانییەکان نادیارە. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، دەڵێت، 70 کەس لە بریندارەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن.
لە قیامەوە چیرۆکێکی دیکە ناخی هەمووانی هەژاند؛ نۆ ئەندامی یەک خێزان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کەسوکارەکەیان بە وێنەکانیان بەدیار تەرمەکەیانەوە شین و سنگەکوتێیان دەکرد، منداڵ و ژن و پیاو هاواری دابڕان لە گەروویان دەردەهات و ئاسمانی گۆڕستانەکەی گرتبوو.
حەمدانیەکان نزیکەی چوار رۆژە ئەم مەرگەساتە بەرۆکی گرتوون، هێز و وزەی لێبڕیون، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییان هێندە هاوار و شیوەنی کردبوو لەسەر گۆڕی ئازیزەکەی تەندروستی تێکچوو هێزەئەمنییەکان بەخێرای گەیاندیانە تیمەکانی تەندروستی و چارەسەریان بۆ کرد.
هەروەها ئەمڕۆ، هەینی، 29-9-2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، بە هێلیکۆپتەرێک گەیشتە حەمدانیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هاتووین، لەدوای ئەم کارەساتە گەورەیە کە بە سەر خەڵکی حەمدانیەدا هاتووە، ئەمە کارەساتێکە بۆ هەموو گەلی عێراق. هاتووین هاوسۆزیی خۆمان پێشانبدەین و داوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ بکەین و ئەو یارمەتییانەی کە پێویستە، هەوڵبدەین بە زوویی بۆیان جێبەجێ بکەین."
بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی نەینەوا، 38 تەرمی رووداوەکەی حەمدانیە لە دادپزیشکیی نەینەوان و نەناسراونەتەوە، دوو دانەیان تەنیا ئێسک و پروسکیان ماوەتەوە و DNA وەرگیراوە و رەوانەی بەغدا کراون بۆ لێکۆڵینەوە.