باڵیۆزی ڤاتیکان: بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی "بەتووندی سەرکۆنەی هێرش و پەلامارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كرد".
 
رۆژی پێنجشەممە 29-08-2022 سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە میتجا لێسکۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق کرد.
 
دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران لە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردوومان کرد کە بەهۆیەوە لانی کەم 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ڤاتیکان سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كردووە بۆ قوربانییانی هێرشەکە. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق پێزانینی بۆ پێگە و رۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان و بەرقەراركردنی ئاشتیدا هەبووە، هەروەها وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كوردستان، سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە لە رۆژە سەختەكاندا باوەشیان بۆ سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێكهاتە جیاجیاكان و بە تایبەت كریستیانەكان كردووەتەوە.
 
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە قووڵایی فەرهەنگی پێكەوەژیان لەناو گەلی كوردستان داوە و جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە گەلی كوردستان لە برەودانی ئەو فەرهەنگە بەردەوام دەبێت.
 
لە درێژەی دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە پێویستە كێشەكانی عێراق لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دەستوور چارەسەر بكرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە كۆتایی ئەو دیدارەدا باڵیۆزی ڤاتیكان سوپاسی گەلی كوردستان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی و میوانداریی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و هەر بەو بۆنەیەوە دیارییەكی تایبەتی پێشكێشی سەرۆك بارزانی كرد.