کورتهێنان لە داهاتی سلێمانی لە 40 ملیار دینار نزیکبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، کورتهێنان لە داهاتی شاری سلێمانی لە 40 ملیار دینار نزیکبووەتەوە، تادێت رێژەکەش زیاد دەکات، ئەمەش وایکردووە پارە لە بانکەکان نەمێنێت.
نەمانی پارەش لە بانکەکان کێشەی بۆ بەڵێندەرانی شاری سلێمانی دروستکردووە، ئەوە وای کردووە 970 بەڵێندەر مایەپووچ بن، بەڵێندەرێکی گەرمیان ماوەی هەشت ساڵە چوار ملیۆن دۆلاری تێچووی دوو پڕۆژەی لای حکومەتە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە نەیتوانیوە پارەکەی وەرگرێتەوە.
بەڵێندەرێکی گەرمیانە چوار ملیۆن دۆلاری تێچووی دوو پڕۆژەی لەلای حکومەتە، بەڵام هەشت ساڵە بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان پێینادرێتەوە، دوایینجاریش هەر لە بانک پێیان گوتووە پارە نییە، نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی هۆکار بووە بۆ مایەپووچبوونی زیاتر لە 970 بەڵێندەر.
عەبدولڕەحمان حەسەن، بەڵێندەرێکە و دەڵێت، "پارە لە بانک دادەنێین دەچین دەڵێین پارەمان بدەنێ دەڵێن بڕۆن رەزامەندیی سلێمانی بهێنن، دەچین دەیهێنین پارە نییە، زیاتر لە 50 چێکم پووچەڵ بووەتەوە، ناوێرین یەک ئیشی دیکە بکەین دەترسین ئەو پارەیەشمان بخورێت و نەماندرێتەوە، هەموومان مایەپووچبووین، خۆم قەرزاری کارگەی قیر و کۆنکرێتم."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کورتهێنان لە داهاتی سلێمانی نزیکبووەتەوە لە 40 ملیار دیناری مانگانە، مانگ بە مانگ رێژەکە زیاتر دەبێت، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێن، نازاندرێت داهات بە دروستی چەندە تاوەکو بزاندرێت چەند کەمیکردووە، بەڵگەیش بۆ کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکان وەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خەرجنەکردنی پارەیە بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "سەرچاوەکانی داهات لە سلێمانی دیارە کە چەند دانەیەکن و داهاتەکەیان مانگانە لە سلێمانی زیاتر لە 100 ملیار دینارە، بەڵام دەڵێن پارە نییە دەبێت کەسێک جورئەتی ئەوەی هەبێت بڵێت بۆ نییە و چی لێدێت، من خۆم بەدواداچوونم کردووە، بەڕێوەبەری بانک وەڵامی داوەتەوە یەک ژمارەی تێدا نییە، وەزیری دارایی وەڵامی داوەتەوە یەک شتی لەسەر نەنووسیوە ئیدی ئێمە چی بزانین".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بۆ چارەسەری کێشەی دابەشکردنی مووچە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە لە داهاتی فرۆشراوی نەوتی لە 500 بۆ 551 ملیۆن دۆلار زیادکردووە بۆ ئەوەی کێشە لە دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی دروست نەبێت و بڕیارە رێگە چارەی دیکەش بگرنەبەر، بەڵام هەر کێشەی کورتهێنان چارەسەر نەبووە و تاوەکو ئێستاش کێشەی کۆمپانیاکانی دەرمان پاککەرەوە و چارەسەر نەکراوە، پارەی پێویستیش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان، تەرخاننەکراوە.