رووداو دیجیتاڵ
لە رووها-ی باکووری کوردستان لە ئەنجامی شەڕە تەقەی دوو ماڵبات کە خزمی یەکدین، سێ کەس کوژران، چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024 کێشە لە نێوان دوو ماڵباتی ناکۆک لە گوندی باییرئۆزو سەر بە شارۆچکەی سیڤەرەک لە رووها-ی باکووری کوردستان روویدا. دەمەقاڵە-ی نێوان دوو خێزانەکە کە خاڵ و خوارزای یەکدی بوون، گەیشتە بەکارهێنانی چەک و لە ئەنجامی شەڕە تەقەی نێوانیان، سێ کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش لە هەردوو خێزان برینداربوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس، تیمێکی هاوبەشی جەندرمە و پۆلیسی دەوروبەری شار چوونە شوێنی رووداوەکە و ئەندامانی هەردوو خێزانەکەیان لە کاتی تەقەکردندا چەککرد. هەشت کەسیان دەستگیرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە شەڕە تەقەکەدا سێ برا کوژراون؛ (مزەفەر ئا) لە شوێنی رووداوەکەدا کوژرا، بەڵام (توڕان ئا) و (ئەحمەد ئا) بەهۆی سەختیی برینەکانییانەوە، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.
پۆلیسی رووها دەڵێت، هۆکاری شەڕ و پێکدادانەکان بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نێوانیان بووە. سەرەتا دەمەقاڵە روویداوە و دواتر بۆ بەکارهێنانی چەک پەرەی سەندووە.
پۆلیسی رووها دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و تیمێکی پۆلیس بۆ پاراستنی گیانی بریندارەکان، روویانکردە نەخۆشخانە و تیمێکی دیکەی هێزەکانی جەندرمە بۆ بەرگرتن لە دووبارە نەبوونەوەی پێکدادان، لە گەڕەکەکەدا جێگیرکران.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی رابردوو 3 هەزار و 773 تاوانی کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان بە چەک کراون کە تێیاندا 2 هەزار و 318 کەس کوژراون و 3 هەزار و 820 کەسی دیکە برینداربوون.
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، لە سەرانسەری تورکیادا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو و 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ