رووداو دیجیتاڵ
دوای چیاکانی گابار و کاتۆ، کارکردن بۆ دۆزینەوەی نەوت لە گوندی بێشپارماک-ی سەر بە شارۆچکەی بێگر لە وانی باکووری کوردستان دەستیپێکرد.
کۆمپانیای دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە تورکیا بە 100 کارمەند و 30 ئامێر دەستیکردووە بە کارکردن بۆ یەکەم هەنگاوی کارەکە.
کایهان تورکمانئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی وان دەڵێت، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کانزاکان، لە رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2024دا مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە بۆ ئەوەی بەدرێژایی 524 کیلۆمەتر لە چوار خاڵی جیاوازدا دەست بەکاری هەڵکەندن و دۆزینەوەی نەوت بکات. چالاکییەکانی بۆ پێنج ساڵ بەردەوام دەبن."
ئەو ناوچەیە 25کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی بێگر دوورە.
سەرەتا 200 تۆن خاک و خۆڵی ناوچەکە هەڵدەگرن تا دەگەنە چینێکی دیاریکراو. دواتر 1500 مەتر بیر لێدەدرێت بۆ دۆزینەوەی نەوت.
مەلیح ئایدۆغان، قایمقامی بێگرە و دەڵێت، "لە ناوچەی مورادییە دەستکراوە بە هەوڵەکانی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و کانزا جیاوازەکان. بە پەرۆشەوە خەڵکی گوندەکە و تەواوی ناوچەکە چاویان لە ئەنجامی باشی کارەکانە."
ئەنوەر کاپیجی، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "ئەمڕۆ کاری دۆزینەوەی نەوت دەستیپێکرد، بەڕاستی نیعمەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە. بۆ هەمووان باشە و هەموومان سوود لە بەرهەمەکە وەردەگرین."
سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ، ئامەد، سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانن کە رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ