پەروەردەی سلێمانی بۆ مامۆستایان: لە 2ـی مانگی داهاتووەوە دەست بە دەوام بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ نۆ ملیۆن کتێبی وانەکان بۆ سنوورەکەیان دابینکراوە. هەروەها داوای لە مامۆستایان کرد، لە رۆژی 2ـی مانگی ئەیلوولەوە پەیوەندیی بە قوتابخانەکانەوە بکەن و دەست بە دەوام بکەن. 
 
عومەر محەممەد ئەمین، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو رایگەیاند: "ئەمساڵ ساڵێکی باشە بۆ دابەشکردنی کتێبەکان، کێشەمان نییە، نۆ ملیۆن کتێب بۆ پەروەردەی سلێمانی دابینکراوە، 90٪ـی کتێبەکان گەیشتوون، دەست بە دابەشکردنیان کراوە بەسەر قوتابخانەکاندا و ئەمساڵ خوێندکاران 100٪ کتێب وەردەگرن". 
 
بۆ ئەمساڵی خوێندن گۆڕانکاری لە بەشێک لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا کراوە، لەو بارەیەوە عومەر محەممەد ئەمین گوتی: "پۆلی یەک و دوو زانستەکانیان گۆڕاوە، کوردیی پۆلەکانی یەک و سێ و نۆ گۆڕاوە. کۆمەڵایەتی پۆلەکانی چوار و پێنج و شەش گۆڕاوە، وەرزشی پۆلی حەوت گۆڕاوە، مافی مرۆڤ و جینۆسایدی پۆلی 10 گۆڕاوە، لەگەڵ فەلسەفەی پۆلی 11. ئەوانە 100٪ چاپی نوێیان گەیشتووەتە گەنجینەکانی پەروەردە و دابەشکراون".
 
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن و دەستپێکردنی دەوامەوە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی گوتی: "13ـی مانگی داهاتوو یەکەم رۆژی دەوامە لە قوتابخانەکان، بۆیە 2ـی مانگی ئەیلوول کە دەکاتە هەفتەی داهاتوو، دەبێت سەرجەم مامۆستایان پەیوەندی بە قوتابخانەکانەوە بکەن، ئێستا هیچ گرفتێک نەماوە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، پۆلەکان جیاکراونەتەوە و قوتابخانەکان ئامادەکراون و مامۆستایان ئامادەکراون بەسەر پۆلەکاندا و خشتەی وانەکانیش ئامادە کراوە". 
 
لەبارەی هەبوونی مامۆستای میلاک و گرێبەست بۆ قوتابخانەکان، عومەر محەممەد ئەمین گوتی: "لە سنووری پەروەردەی سلێمانی کێشەی نەبوونی مامۆستای میلاکمان زۆر کەمە، ئەمساڵ دەسەڵاتیشمان پێدراوە مامۆستای وانەبێژ نەک لە قوتابخانەکان، بەڵکو لە پەروەردەیەکەوە بگوازینەوە پەروەردەیەکی دیکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەبوونی مامۆستای میلاک، کە جاران ئەو دەسەڵاتەمان نەبوو، بۆیە دەتوانرێت بە مامۆستای وانەبێژ کێشەی نەبوونی مامۆستای میلاک چارەسەر بکرێت."
 
دەربارەی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکانیش، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئاشکرای دەکات: "ئەمساڵ رێکخراوی UNHCR چوار هەزار کورسیی بۆ قوتابخانەکان دابین دەکات، بەڵام کێشەی باڵەخانەکان لە سنووری سلێمانی چارەسەر نەکراوە و گەورەترین گرفتمان باڵەخانەی قوتابخانەکانە، کە کەمن و بەشێکیان کۆن بوون، بۆیە نەتوانراوە دەوامی قوتابخانەکان بکرێتە یەک دەوامی و زۆربەی قوتابخانەکان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت".