11 هاندەرە دەستبەسەرکراوەکەی ئامەدسپۆر ئازادکران
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی ئێشکگری ئامەد، ئەو 11 هاندەرەی یانەی ئامەدسپۆر کە لە یاریی نێوان "ئامەدسپۆر-دەنیزلی سپۆر" بە پاساوی رێزنەگرتن لە سروودی نیشتمانیی تورکیا دەستبەسەرکرابوون، بە مەرج ئازاد کران.
ئەو 11 کەسە رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئابی 2023 لە یاریگەی ئامەدسپۆر دەستبەسەرکران و گوازرانەوە "ناوەندی پۆلیسی عەلیشان" و شەوی رابردوو لەو ناوەندە مانەوە.
دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، ئەو 11 کەسە رەوانەی دادگەی ئێشکگری ئامەد کران و بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 29ـی ئاب) بە مەرجی دادوەری ئازادکران.
کاژێر 20:00ـی رۆژی یەکشەممە یارییەکانی خولی پلە دووی تورکیا دەستیانپێکرد و، یانەی ئامەدسپۆر لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووری خولەکەدا بەرامبەر یانەی دەنیزلی سپۆر یارییکرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، یارییەکەی بردەوە.
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، سروودی نیشتمانیی تورکیا لێدرا، پۆلیسی ئامەد بەبیانووی ئەوەی لەکاتی لێدانی سروودەکەدا هەڵنەستابوونەوە، 11 هاندەری یانەکە دەستبەسەرکردن.