ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: کوشتن لە کەمپی هۆل بە چەکی بێدەنگ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕڤانانی هەسەدە لە کەمپی هۆلی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەدوای چەکدا دەگەڕێن؛ کون و قوژبنی خێوەتەکان بۆ ئەو مەبەستە دەپشکنن، ئەوەش بەهۆی زۆربوونی ئەو کەسانەی لە کەمپەکەدا دەکوژرێن.
عەلی حەسەن، گوتەبێژی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایدەگەیێنێت، "پەرەسەندنە مەترسیدارەکە ئەوەیە هەموو کوژراوەکان بە چەکی بێدەنگ کوژراون. بە دڕندانە ئازار دراون و تەرمەکانیان فڕێدراوەتە نێو ئاوەڕۆکان. لە ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی و ئەمنی، دەبێت بەرپرسیارێتیی خۆمان بەرامبەر بە دانیشتووانی کەمپی هۆل جێبەجێ بکەین."
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا کەمپی هۆل زیاتر لە 56 هەزار کەسی تێدایە، کە هاووڵاتیی 57 وڵاتن و 94%یان ژن و منداڵن.
زۆربەی نیشتەجێی نێو کەمپەکە عێراقین کە ژمارەیان 27 هەزار کەسە، 19 هەزاریشیان سووری و 12 هەزاریش خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندینجار وڵاتانی لە مەترسی و خراپیی دۆخی کەمپی هۆل ئاگادار کردووەتەوە و هەندێکجاریش بە "بۆمبی چێندراو" ناوی بردووە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بەو شانە نووستووانەی داعش لەنێو کەمپەکە هەن.
بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش دەڵێن، داعش لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەڵمەتەکانی کوشتنی لەنێو کەمپەکەدا زیادکردووە.
رووداوی کوشتن و بڕینەکان زۆرینەی کاتەکان لەدوای خۆرئاوابوونەوە روودەدات.
محەممەد زەید، ئاوارەی عێراقی دەڵێت، "بەڵێ لەناو کەمپەکەدا ژمارەیەک رووداوی کوشتن روویانداوە، هەرچەندە ئێمە خۆمان هیچمان نەبینیوە. مەبەستم ئەوەیە شایەتحاڵ نەبووین. کاتێک خۆرئاوا دەبێت، هەموومان لەناو خێوەتەکانمان دەمێنینەوە. نایەینە دەرەوە تاوەکو خۆر هەڵدێت."
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 50%ی دانیشتووانی نێو کەمپەکە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە؛ ئەوانیش لە مافەکانیان بێبەشن، ترس لەوە هەیە مێشکیان بشۆردرێتەوە و ببنە نەوەیەکی نوێی رێکخراوی داعش؛ هەربۆیە داوا لە حکومەتی وڵاتان دەکات بیانگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.