خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان لە کوێ زەوییان پێدەدرێت؟
رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت، زەوی بە هەموو فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێت، ئەگەر دانیشتووی شارەکانی وەک کەرکووک و موسڵیش بن.
دوێنێ (یەکشەممە) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابەش دەکەن.
بارزان کەریم، سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر فەرمانبەر و خانەنشینێک کە سەر بە میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، لە ناوچە دابڕێنراوەکانیش بێت، زەوی پێدەدرێت."
سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان گوتی، "بۆ نموونە، بەشێکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەقین سەر بە گەرمیانن، تەواوی فەرمانبەرەکانیان مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، سەرەڕای ئەوەی دانیشتووی خانەقینیش بێت، بەڵام زەوییەکەیان لە شارەکەی خۆیان پێ نادرێت و لە نزیکترین شارەوانیی نزیک شارەکەیان زەوییان پێدەدرێت، کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
دابەشکردنی زەوی لەسەر بنەمای ناسنامە و شوێنی لەدایکبوون نابێت و لەسەر بنەمای کارتی زانیارییە؛ بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان ئەوەش پێوەر نییە و تەنیا فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو لە پارێزگای هەولێر هەر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، بەگوێرەی نووسراوەکەی بۆیان کراوە، هەر فەرمانبەرێک خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان، بۆ نموونە، خەڵکی کەرکووک بێت و دانیشتووی هەولێر بێت، لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونەکەی زەوی پێدەدرێت.
بەشێکی زۆری دانیشتووانی ناحیەی دارەتوو خەڵکی سنووری پارێزگای کەرکووکن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی ئەوەی زەویی نیشتەجێبوون لە دارەتوو لە بەردەستی شارەوانیدا نییە، لە سنووری قەزای بنەسڵاوە لە هەولێر زەوییان پێدەدرێت.
گواستنەوەی کارتی زانیاری لە گەرمیان رادەگیرێت
بەهۆی ئەوەی لە کەلار نرخی زەوی بەراورد بە قەزا و ناحیەکانی سنوورەکە گرانترە، کەسانێک هەوڵدەدەن کارتی زانیاری لە قەزا و ناحییەکانی ئیدارەی گەرمیانەوە بگوازنەوە کەلار. لەوبارەیەوە سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان گوتی، "بۆ رێگری لە کاری هاوشێوە، گشتاندنمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە گواستنەوەی کارتی زانیاری لەم ماوەیەدا رابگرن."
عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هەموو خانەنشینانمان دەتوانن بچنە ئەو بانکانەی مووچەی لێ وەردەگرن و فۆرمی وەرگرتنی زەوی وەربگرن، دوای پڕکردنەوەشی بیبنەوە بۆ ئەوێ."
هاوکات بەرپرسێک لە خانەنشینیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەولێریش دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی دەستیپێکردووە.
جگە لە خانەنشینان، لە ژمارەیەک لە شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستانیش فۆرمی دابەشکردنی زەوی دراوەتە فەرمانبەران.