دەستەی دەستپاکی: هەر کەس بە تاوانی گەندەڵی حوکم درابێت بەربژێربوونی بۆ پەرلەمان رەتدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رەوانەی وەزارەت و دەستەکان لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت، هەر بەربژێرێک حوکم درابێت، لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا لیستی ناوی بەربژێران رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی دەکرێت. حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ گەیشتنی لیستەکان، بە نزیکەی 4 رۆژ سەرجەم کارەکان تەواو دەکەین."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت، هەر کەسێک بە تۆمەتی گەندەڵی حوکم درابێت، بەربژێربوونی رەتدەکرێتەوە. گوتیشی، "ئەگەر بەربژێرێک دۆسێیەکی هەبێت لە دادگە و حوکم نەدرابێت، ئەوە بەربژێربوونی پەسند دەکرێت، چونکە دادگا یەکلایی نەکردووەتەوە."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوێنێ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ دووشەممە لیستی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رەوانەی وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان دەکەن بە مەبەستی وردبینی و لێکۆڵینەوە لە شیاوێتییان، بەپێی مەرج و رێنماییەکانی کۆمیسیۆن.
بەگوێرەی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:
- هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.
- تەواو شیاو بێت و 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری ئەخلاقی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزای زیندانیکردنی نەبێت.
- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزای زیندانیکردنی نەبێت.
- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.
کۆمیسیۆن لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەکانی دەستپاکی لەو دوو حکومەتە دەنێرێت و پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستی پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.