رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی هەردوو پارێزگای مەرەش و دیلۆکی باکووری کوردستان کوژێندرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی تەممووزی 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، دوای نزیکەی 24 کاژێر لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانی سنووری شاری دولوکبابا لە پارێزگای مەرەش و دارستانی سنووری شاری ئۆنئیکی شوبات لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، تیمەکان هەردوو ئاگریان کوژاندەوە.
ئاگرەکەی دیلۆک ئێوارەی رۆژی 28ی مانگ کەوتەوە و خێرایی با هۆکار بوو بۆئەوەی بە خێرایی تەشەنە بکات.
ئاگری دارستانەکەی مەرەشیش هەمان رۆژ و بەهۆی ژمارەیەک گەشتیارەوە کەوتەوە کە سەیرانیان لە دارستانەکە کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا دەڵێت، ئاگرەکەی دارستانی مەرەش بووە هۆی سووتانی زیاتر لە 100 هێکتار رووبەر لە دارستان و پووش و پاوان، بەڵام قەبارەی زیانی ئاگرەکەی دیلۆک تاوەکو ئێستا دیار نییە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتبوونەوە و لە ئەنجامدا 6 هەزار و 900 هێکتار لە دارستان و پووش و پاوان سووتا؛ هەروەها 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ