13 حیزبی کوردستانی لە کەرکووک: پێویستە بە یەک لیستی کوردستانی بەشداری هەڵبژاردن بکەین
رووداو دیجیتاڵ
لە بانگەوازێکدا بە ناونیشانی "لەپێناو کەرکووک" 13 حیزبی کوردستانیی ئەو پارێزگایە، داوادەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هەموو حیزبە کوردستانییەکانی ئەو پارێزگایە بە یەک هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.
ماوەی کەمتر لە 48 کاژێر لەبەردەم حیزبەکان ماوە بۆ پێشکێشکردنی تۆمارکردنی هاوپەیمانی بە کۆمیسیۆن، 13 حیزبە کوردستانییەکەی کەرکووک دەڵێن "بەداخەوە تائێستا کورد نەیوانیوە نێو ماڵی خۆی رێکبخات و لە ئاستی بەرپرسیاریێتیی ئەو قۆناخەدا بێت".
حیزبە کوردستانییەکان کە بانگەوازەکەیان کردووە پێکدێن لە:
1 - یەکگرتووی ئیسلامی
2 - بزووتنەوەی ئیسلامی
3 - حیزبی شیوعیی کوردستان
4 - کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
5 - پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
6 - پارتی گەشەپێدانی کوردستان
7 - حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
8 - هاوپەیمانیی نیشتمانی
9 - حیزبی پێشکەوتوخوازی دیموکراتی کوردستان
10 - یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان
11 - پارتی سەوزی کوردستان
12 - بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
13 - تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا، 13 حیزبە کوردستانییەکە دەڵێن "ئەنجوومەنی پارێزگا بەپێی یاسا، چارەنووس و ئاییندەی پارێزگا دیاریدەکات بەپێی زۆرینە و کەمینە، کەوابوو نابێت بەدەستی خۆمان بە پەرش و بڵاوی و فرەلیستی چارەنووسی ئاییندەی شاری کەرکووک بخەینە مەترسییەوە".
بانگەوازەکە بۆ سەرکردایەتیی حیزبە کوردستانییەکان و رای گشتییە، هەروەها تێیدا هاتووە، "ئێوە ساڵانێکە خەباتی دوورودرێژتان کرووە و بە هەزاران شەهیدمان داوە و تووشی سەتان کارەسات بووین، بۆ لە ئاست کەرکووک بێدەنگ و دەستەوەستانن لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە ئاییندەی کەرکووک بۆ کورد بە هۆکاری فرەلیستییەوە لە مەترسیی جیدیدایە. کات ماوە، با دوور لە ململانێی حیزبی هاوپەیمانیی کوردستانی دروست بکەین و دڵی دەنگدەرانی کورد خۆش بکەین."
ئەم راگەیەندراوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە رایگەیاند، ''پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک لە گفتوگۆدایە و هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و هەندێکیش ماون وەڵامی کۆتایی بدەنەوە؛ ئەمڕۆش دوایین وەڵامەکانی بۆ دەگەڕێتەوە و ئومێد دەکەین بتوانین پێنج بۆ شەش لایەنی سیاسی (سەرەکی) پێکەوە لەنێو لیستێکدا کۆببینەوە، ئەوەش جگە لە خەڵکی سەربەخۆ و لایەنی دیکەش.''
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، کە حیزبەکەی لە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، لە کەرکووک کشایەوە، گوتی ''لەگەڵ یەکێتی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکەین.''
ئەم بانگەوازە لەکاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لە سلێمانی کۆدەبنەوە.
بڕیارە لە 18ـی کانونى یەکەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت. دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرابێت لە ساڵى 2013 بوو.