سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین: د. کاوان نووسراوی لاری نەبوونی بۆ وەرگرتنی خوێندکارەکە کردبوو
رووداو - هەولێر
سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین ئەو بەڵگانە دەخاتەڕوو کە "دەریدەخات کێشەی ئەو خوێندکارەی دوو مامۆستاکەی زانکۆی کوشت، زیاتر لە دوو مانگە چارەسەر بووە و، خوێندکارەکە سەرپشککراوە لەوەی لە سۆران یان هەولێر دەست بکاتەوە بە خوێندن".
رۆژی چوارشەممە، 29-6-2022، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کۆمەڵێک بەڵگەی لەبارەی کێشەی ئەو خوێندکارە خستەڕوو کە دوێنێ دوو مامۆستای زانکۆکەی کوشت.
د. کامەران یونس رایگەیاند: "ئاراس مەهدی، ئەو خوێندکارەی دەستی بردووە بۆ تیرۆری دوو مامۆستای زانکۆ، یاداشتێکی داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتیش بە نووسراوێک یاداشتەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین کردووە و سەرۆکایەتیش ئاراستەی راگری کۆلێژی یاسای کردووە، دکتۆر کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسا لە 4.3.2021 رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارەکە لە زانکۆی سەلاحەدین دەوام بکات".
رۆژی سێشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەددینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندارکرد، دوای ئەوە، هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و، لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "خوێندکارەکە دوو ساڵ لە دەوام دابڕاوە و پێویستبوو یاسا یان رێنماییەک دەربچێت بۆ ئەوەی روونبێت ئەو دوو ساڵەی چۆن بۆ هەژمار بکرێت، ئەوەش لە دەسەڵاتی خوێندنی باڵادایە، نووسراوەکەشی لە 4.3.2021 ئاراستەی سەرۆکی زانکۆ کردووە و ئەوکات د. جەوهەر لە 7-3-2021 نووسراوی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە کە لارییان نییە لە وەرگرتنی خوێندکارەکە".
د. کامەران یونس هەروەها باسی لەوە کرد: "وەزارەتی خوێندنی باڵا لە 12-1-2022 کۆبوونەوەیەکی کردووە و کەیسەکەیان داوەتە لیژنەیەک، لیژنەکە لە مانگی چواری 2022 فەرمانی کردووە کە خوێندکارەکە بۆی هەیە چ لە زانکۆی سەلاحەدین یان زانکۆی سۆران دەوام بکات".