رووداو - هەولێر
سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین ئەو بەڵگانە دەخاتەڕوو کە "دەریدەخات کێشەی ئەو خوێندکارەی دوو مامۆستاکەی زانکۆی کوشت، زیاتر لە دوو مانگە چارەسەر بووە و، خوێندکارەکە سەرپشککراوە لەوەی لە سۆران یان هەولێر دەست بکاتەوە بە خوێندن".
رۆژی چوارشەممە، 29-6-2022، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کۆمەڵێک بەڵگەی لەبارەی کێشەی ئەو خوێندکارە خستەڕوو کە دوێنێ دوو مامۆستای زانکۆکەی کوشت.
د. کامەران یونس رایگەیاند: "ئاراس مەهدی، ئەو خوێندکارەی دەستی بردووە بۆ تیرۆری دوو مامۆستای زانکۆ، یاداشتێکی داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتیش بە نووسراوێک یاداشتەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین کردووە و سەرۆکایەتیش ئاراستەی راگری کۆلێژی یاسای کردووە، دکتۆر کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسا لە 4.3.2021 رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارەکە لە زانکۆی سەلاحەدین دەوام بکات".
رۆژی سێشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەددینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندارکرد، دوای ئەوە، هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و، لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "خوێندکارەکە دوو ساڵ لە دەوام دابڕاوە و پێویستبوو یاسا یان رێنماییەک دەربچێت بۆ ئەوەی روونبێت ئەو دوو ساڵەی چۆن بۆ هەژمار بکرێت، ئەوەش لە دەسەڵاتی خوێندنی باڵادایە، نووسراوەکەشی لە 4.3.2021 ئاراستەی سەرۆکی زانکۆ کردووە و ئەوکات د. جەوهەر لە 7-3-2021 نووسراوی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە کە لارییان نییە لە وەرگرتنی خوێندکارەکە".
د. کامەران یونس هەروەها باسی لەوە کرد: "وەزارەتی خوێندنی باڵا لە 12-1-2022 کۆبوونەوەیەکی کردووە و کەیسەکەیان داوەتە لیژنەیەک، لیژنەکە لە مانگی چواری 2022 فەرمانی کردووە کە خوێندکارەکە بۆی هەیە چ لە زانکۆی سەلاحەدین یان زانکۆی سۆران دەوام بکات".
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات، کەیسەکە دوا نەخرێت و "تاوانبار بە زووترین کات بدرێتە دادگە و زانکۆی سەلدین تیمێکی پارێزەران پێکدەهێنێت و دۆسیەکە دەبێتە دۆسیەی زانکۆی سەلاحەدین".
د. کامەران یونس ئاماژەی بەوەش کرد: "وەک ماتەمینییەک بۆ لەدەستدانی دوو مامۆستاکە، ئاڵای زانکۆ و کۆلێژەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ دادەگیرێن و چالاکییەکانی سەرجەم زانکۆ و کۆلێژەکان رادەگیرێن".
دوای ماوەیەکی کەم لە رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، توانیویانە بە هاوبەشیی هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر ئەو کەسە دەستگیر بکەن کە دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدینی کوشت.
ئەو کەسەی مامۆستاکانی کوشتووە کێیە؟
تۆمەتبارەکە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران بووە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "کێشەیەکی هەبووە و فەسڵ کراوە و لێرەش [لە زانکۆی سەلاحەدین] وەرنەگیراوە؛ هەربۆیە جگە لەم دوو مامۆستایە، هەڕەشەی لە کۆمەڵێک مامۆستا کردووە، لادەرێکە لە یاسا و دەکەوێتە بەردەمی یاسا."
هاوڕێیەکی زانکۆی تۆمەتبارەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی "ئاراس مەهدی"ـە و دانیشتووی ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، پێشتر دەستگیرکراوە، بەڵام ماوەیەکە بە کەفالەت ئازادکراوە.
محەممەد فەقێ عەبابەکر، پارێزەر لە دادگەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەو تۆمەتبارە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە دادگەی سۆران دادگایی کراوە، بەڵام "لەبەردەم دادوەردا بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لە چەندین مامۆستای زانکۆ کردووە، لەنێویاندا مامۆستا نیشتمان، هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان."
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بەیانیی ئەمڕۆ لە زانکۆکە هێرش کرایەسەری و بریندار کرا، دوای بریندارکردنیشی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە. لەبارەی دەنگۆی رفاندنی د. ئیدریس عیززەت حەمەخانەوە پارێزگاری هەولێر گوتی، "نەڕفێندراوە و هەڵیکوتاوەتە سەری و کوشتوویەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ