مەسرور بارزانی بۆ رۆبەرت پاڵەدینۆ: سوپاس بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکای کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا.
بەبۆنەی تەواوبوونی ئەرکەکەی وەکو کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆبەرت پاڵەدینۆ سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت کە ئەمڕۆ چوارشەممە 29-06-2022 لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیان بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی حکومەت، "سوپاسی کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکای کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا و، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داھاتوویدا."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندی و ھەماھەنگیکردنی بەردەوامی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ھەولێر دەربڕی."
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر تاوەکو ئێستا هەشت کۆنسوڵی گۆڕیوە، یەکەم کۆنسوڵی گشتی، ئەلێکساندەر لاسکارس بووە، کۆنسوڵی ئێستاش رۆبەرت پاڵەدینۆیە، کە لە تەمموزی 2021 دەستبەکار بووە.
رۆبەرت پالەدینۆ لە شوێنی رۆب والەر دەستبەکاربووە، کە رۆژی 10ـی تەمموزی 2021 لە گوتاری ماڵئاوایی گوتبووی، کورد دوو دۆستی هەن: ئەمریکا و چیاکان.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی حوزەیرانی2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کرد کە بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکای کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داھاتوویدا.
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندی و ھەماھەنگیکردنی بەردەوامی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ھەولێر دەربڕی.