کومپانیاکانی خاوێنکردنەوەی زبڵی زاخۆ کارەکانیان رادەگرن

رووداو- هەولێر

هەردوو کومپانیای خاوێنکردنەوەی شاری زاخۆ بە فەرمی رایانگەیاند لە رۆژی پێنجشەممەوە دەست لە کاری خۆیانکردنەوەی شار هەڵدەگرن ، تاوەکو حکومەت قەرزەکانیان دەداتەوە.


هێرش عیسا، خاوەنی کومپانیای سوار بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "نووسراوی فەرمیمان بۆ شارەوانی زاخۆ و هەموو لایەنی پەیوەندیدار کردووە، کە لە رۆژی پێنجشەممەوە ئیدی ناتوانین بە ئەرکی خاوێنکردنی شاری زاخۆ هەڵسین لەبەرئەوەی زۆر قەرزارین".

خاوەنی کومپانیای سوار دەڵیت "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا 2،328،000،000 دینار حکومەت قەرزاری کومپانیای ئێمەیە و تا ئێستاش 5 ملیار و 500 هەزار دینارمان خەرجکردووە ، بۆدابینکردنی ئامیرەکان، ئۆتۆمبێل و مووچەی کارمەندان، بوویە ئیتر لە توانای ئێمە دەرچووە".

پێشتر عەلی فەیسەڵ، داواكاری گشتی لە زاخۆ لەسەر زبڵی زاخۆ هاتبووە دەنگ و رایگەیاندبوو "دوای قسەكردن لەگەڵ قایمقام و سەرۆكی شارەوانی، ئەوان بەپێی یاسا سكاڵا تۆمار دەكەن و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەكەین، چونكە ئەو زبڵە زیانێكی زۆر بە خەڵك دەگەیێنێ"‌.