مەتران یوحەننا بەتاح بۆ رووداو: چاومان لە راسپاردەکانی کۆنگرەیە بۆ زامنکردنی مافی کریستیانەکان

29-05-2024
هێمن عەساف
 مەتران یوحەننا جیهاد بەتاح، سەرۆکی ئەساقیفەی سریانی کاسۆلیکی لە دیمەشق
مەتران یوحەننا جیهاد بەتاح، سەرۆکی ئەساقیفەی سریانی کاسۆلیکی لە دیمەشق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەساقیفەی سریانی کاسۆلیکی لە دیمەشق، تێڕوانینی کریستیانەکان لەبارەی یاسای باری کەسیی لە عێراق بۆ رووداو ئاشکراکرد و رایگەیاند، چاویان لە راسپاردەکانی کۆنگرەکەی هەولێرە بۆ زامنکردنی مافی پێکهاتەی کریستیان. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، لە هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەی یاسای باری کەسیی کریستیانەکان لە عێراق بەڕێوەچوو. 
 
کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بۆ ئەم مەبەستە لە هەولێر کۆبوونەتەوە و داوای ئەوە دەکەن یاسایەکی تایبەت بە باری کەسیی کە پەیوەندی بە هاوسەرگیری، وەرەسە و جیابوونەوە و کاروبارەکانی دیکەی ژیانەوە هەیە، تایبەت بە ئەوان دابنرێت. 
 
ئەوان دەڵێن، یاسای باری کەسیی کە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام دانراوە و لەگەڵ دەستوور و ئایینەکەی ئەوان یەکناگرێتەوە.
 
مەتران یوحەننا جیهاد بەتاح، سەرۆکی ئەساقیفەی سریانی کاسۆلیکی لە دیمەشق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ساڵی  2006 لە سووریا، یاسای باری کەسی هەموارکرایەوە. پێشتر یاسایەکی گشتگیرمان هەبوو لە ساڵی 1953 و لە ساڵی 2006 بە فەرمانێکی سەرۆکایەتیی یاساکە هەموارکرایەوە و رێگەدرا بە ناساندی مافی پێکهاتەی کریستیان." 
 
مەتران یوحەننا پێیوایە، هەمیشە یاساکان پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، بەتایبەتی یاساکانی پەیوەندیدار بە دۆخی کەسی. "مرۆڤ خۆی یاسا دادەڕێژێت و بەپێی پێشهاتەکان دەکرێ هەمواری بکاتەوە. کاتێک یاساداڕێژەرەکە مرۆڤ دەبێت، هەموارکردنەوەکەشی لەدەست مرۆڤ دەبێت. بۆچی خزمەت بە پێکهاتەکان نەکرێت؟ چ لارییەک هەیە؟ هیوادارم ئەم کۆنگرەیە ژمارەیەک راسپاردە دەربکات خزمەتی هەمووان بکات و هاوکار بێت بۆ کریستیانەکان کە ریشەی قوڵییان لەم خاکەدا هەیە."
 
جەخت لەوە دەکاتەوە عێراق هەمیشە دەستپێشخەر و پێشەنگ بووە لە داڕشتنی یاساکان. "یاسای حامورابی یەکێکە لە یاسا هەرە بەناوبانگەکانی جیهان، بۆیە عێراق پایەکی زۆر بەهێزی لە داڕشتنی یاساکاندا هەبووە." 
 
سەبارەت بە یاسای کەنیسەکان، سەرۆکی ئەساقیفەی سریانی کاسۆلیکی لە دیمەشق دەڵێت "ئێمەش وەک کەنیسە رۆژهەڵاتییەکان، یاسای تایبەت بەخۆمان هەبووە و کۆی ئەم یاسایانە لە یەکدی نزیک بووە، جا لە لوبنان بێت یان سووریا و عێراق. هەروەها کەنیسەکان توانیویانە سوود لە هەوڵ و ئەزموونی یەکدی ببینن." 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا رایگەیاند، باوەڕێکی نەگۆڕیان بەوەیە؛ دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و هیچ لایەنێک بە بچووک سەیر نەکرێت. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی، "تەنیا یەک رێگە بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن هەیە، ئەویش پێکەوەژیان و هاوبەشیی پێکهاتەکانە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا." 
 
لەبارەی رەشنووسی یاسای باری کەسیێتیی کریستیانەکانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر گرنگە... یاسای باری کەسی بۆ ئایینەکان وا دەکات هەموو ئایینەکان مافیان پارێزراو بێت. پشتگیری لە داوا دەستوورییەکانی مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکان دەکەین." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە