لە رانیە زیاتر لە 100 دۆنم زەویی سەوزە بە ئاوی قورس و پاشەڕۆی ماڵان ئاودەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە رانیە بە درێژایی سێ کیلۆمەتر زیاتر لە 100 دۆنم زەوی کراون بە سەوزە و بە ئاوی قورس و پاشەڕۆی ماڵان ئاودەدرێن.
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە جووتیارانی ئاگادارکردووەتەوە سەوزەکانیان بە ئاوی پاک ئاوبدەن یان زەوییەکانیان دەکێڵدرێت.
زرار عەبدوڵڵا، جووتیارە و بە رووداوی گوت: ''حاڵی ئێمەش با وەک شارەکانی دیکە بێت، ئەگەر سەوزە نەخۆشیی پێوەیە، با لە هەموو شوێنەکان قەدەخە بکرێت.''
سەردار حەسەن، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: ''200 مەترە ئاوی زێراب تێکەڵی ئاوەکە دەبێت، دەڵێن بۆخۆتان چاکی بکەن، خۆ ئێمە حکومەت نین، 200 ملیۆن لە کوێ بهێنین؟ هەمووی فەقیرە، رۆژانەیان ناگاتە 20 هەزار.''
سەرچاوەی ئاوی پاکی ئەو زەوییانە لە رابردوودا ئاوی قولە و گوێرەکانی بووە، بەڵام ئێستا زێرابی ماڵان و پاشماوەی مریشکفرۆشان، زبڵ و خاشاکی تێکەڵ بووە.
کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە گوتی: ''ئەو سەوزەیەی کە دەچێنرێت تاوەکو سەرەوەی ئاوی پاکی نەبێت، جووتیارەکان ئاگادارکراونەوە کار لەو زەوییانە نەکەن، چونکە زەرەرمەند دەبن، ئێمە زەوییەکانیان دەکێڵینەوە.''
پسپۆڕێکی خۆپاراستن، خواردنی ئەو سەوزانەی بە ئاوی قورس ئاودراون، بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی دادەنێت، دیارترینیان پەتای کۆلێرا.
حەسەن ئەحمەد، پسپۆڕی خۆپاراستن ئاماژە بەوە دەکات، ''ئەگەر سەوزەیەک بە ئاوی قورس ئاودرابێت و بچێتە بازاڕەکان و چێشتخانەکان، رێژەیەکی زۆری خەڵک تووشی نەخۆشی دەکات، دەبێتە پەتایەکی بەربڵاو و بە ئەستەم چارەسەر دەکرێت.''
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە، پار زیاتر لە 200 دۆنم زەویی چێندراو بە سەوزە بەهۆی ئاودانیان بە ئاوی قورس و نەشیاوی بۆ خواردن، تێکدراون.