بەشی سێیەمی شەقامی 120 مەتری هەولێر دەکرێتەوە


رووداو  هەولێر

ئەمڕۆ بەشی سێیەمی پرۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر لەنێوان رێگەی هه‌ولێر - كۆیه‌ تاوه‌كو رێگەی هه‌ولێر- كه‌ركووك دەکرێتەوە، درێژییه‌كه‌ی نزیکەی 13 کیلۆمەترە و گوژمەکەی 145 ملیۆن دۆلارە.

هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەشی سێیەمی پرۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر بکرێتەوە، ئامادەکارییەکان تەواوکراون بۆ کردنەوەی به‌شی سێیه‌می پڕۆژه‌كه، کە‌ له‌ رێگەی هه‌ولێر - كۆیه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو رێگەی هه‌ولێر - كه‌ركووك.

شەقامی 120 مەتری هەولێر، درێژترین شەقامی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، رێگەیەکی بازنەییە، چێوەکەی 38 کیلۆمەترە، گوژمەی کۆی پڕۆژەکە بە چوار کیلۆمەتری رێگەی گەزنەوە 459 ملیۆن دۆلارە.

بەشی یەکەمی لە ساڵی 2013 لەلایەن کۆمپانیای ئیکینجلەری تورکییەوە دەستکرا بە کارکردن تێیدا، پاش ئەوەی کەمتر لە نیوەی تەواوکرد، بە نیوە ناچڵ بەجێیهێشت، دواتر لەلایەن هێمن گرووپەوە دەستکرا بە دروستکردنی، کۆتا بەشی رێگەکەش کە نۆ کیلۆمەتری ماوە، بڕیارە هەر لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێبکرێت.

پرۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر چەندین بەرزە پرد، ژێر پرد و پەرژینی خۆپاراستن لەخۆ دەگرێت، سەوزکردنی بەشێکیشی دیمەنێکی جوانی بە ئەندازەی رێگەوبان داوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەشی یەکەمی شەقامەکە کە لە رێگەی شۆڕشەوە بۆ رێگەی کەرکووک بە ئاراستەی شارۆچکەی عەینکاوە بوو لە 5-2-2017  کرایەوە. 

هاوکات بەشی دووەمی شەقامەکە کە لە رێگەی هەولێر - پیرمام دەستپێدەکات و لە رێگەی هەولێر - کۆیە کۆتاییدێت، درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە لە 19-2-2018  کرایەوە.