رێگەوبانی هەولێر: تەواوکردنی رێگەی دووسایدی هەولێر-کۆیە 436 ملیار دیناری پێویستە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، تەواوکردنی رێگەی دووسایدی هەولێر-کۆیە 436 ملیار دیناری پێویستە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە تەواوی بکەن. دەشڵێت، رێگەی سماقووڵی- کۆیەش پردەکەی تەواوبووە و تەنیا یەک کیلۆمەتری ماوە قیر بکرێت.
هونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "رێگەکانمان بەردەوام لە نۆژەنکردنەوەدان، بەڵام لەبەر ئەوەی رێگەی ئاسنین و ئاوی و تاڕادەیەک ئاسمانیشمان نییە، وایکردووە گوشارێکی زۆر لەسەر شەقامەکان هەبێت. لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە هەرێمی کوردستان دەستکراوە بە دروستکردنی رێگەی دووساید و ئۆفەر پاس و ئەندەر پاس، چونکە پێشتر هیچ رێگەیەکی گونجاو لە هەرێمی کوردستان نەبووە."
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر گوتی: "رێگەی سماقووڵی ئێستا رێگەیەکی سەرەکییە لەنێوان هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە، ئێستا پڕۆژەکە لە جێبەجێکردندایە کە زیاتر لە دوو کیلۆمەتری چاک دەکرێت، چونکە رێگەکە لەسەر بەنداوی سماقووڵییە و پردەکە تەواوبووە و هەندێک کاری کەمی ماوە. ئێستا لەبەرئەوەی هەموو لۆدەکە کەوتووەتەسەر ئەو رێگەیە، بەڵێندەرەکەش نەیدەتوانی قیری بکات، ئەو رێگەیەی ئێستا ئۆتۆمبێل پێیدا دەڕوات رێگە نییە، رێگەکە لەسەرووترەوەیە و پردەکەش تەواوبووە، ئەگەر ئەوە تەواوبێت هەموو ئۆتۆمبێلەکان بەوێدا هاتووچۆ دەکەن."
هونەر نووری لەبارەی ئەو رێگەیانەی پڕۆژەیان بۆ دەرچووە و تەواونەکراون، گوتی: "رێگەی چۆمان- حاجی ئۆمەران لە ساڵی 2009 چووەتە بواری جێبەجێکردن و لە 2013 وەستاوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە. هەروەها رێگەی هەولێر- خەبات ئێستا لەجێبەجێکردندایە، هەرچەندە دووسایدە، بەڵام نۆژەندەکرێتەوە و بەردی بناخەی دانراوە، رێگەی دۆڵی بالیسانیش لە بازگەی زینەتیر تاوەکو ناحیەی شکارتە چاکدەکرێت و بەهۆی بارانەوە وەستابوو، رێگەی هەولێر - کۆیە، لە گۆمەسپانەوە تاوەکو کەسنەزان نۆژەننەکراوەتەوە و بەهۆی کۆرۆناوە وەستاوە".
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "پڕۆژەی ستراتیژیی دروستکردنی رێگەی هەولێر-کۆیە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە 2014 کارکردن تێیدا وەستاوە، 436 ملیاری تێدەچێت، کە چوار قۆناخە، کارەکانی لە سەرەتان و بە ساڵێک و دوو ساڵ تەواونابێت. 100 ملیاری بۆ خەرجکراوە و هێشتا 336 ملیار دینار ماوە خەرجبکرێت".
هونەر نووری گوتیشی: "بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنی رێگەکان ئێمە پشت دەبەستین بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، هەروەها بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتەکان و پێشینەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەکان".