نوێنەری وەقفی سوننە: نابێت کەس بەبێ لێکۆڵینەوەی ئەمنی بگەڕێتەوە شنگال
رووداو دیجیتاڵ
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گەڕانەوەی 20 خێزانی عەرەب بۆ قەزای شنگال، هەندێک گەنج بەردیان لە مزگەوتێک بەناوی مزگەوتی رەحمان دا، کوردانی ئێزدی رێگرییان لە گەڕانەوەی ئەو خێزانە عەرەبانە کرد و شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو.
نوێنەری دیوانی وەقفی سوننە عێراقی سەردانی مزگەوتەکەی کرد. مەلا ئیسماعیل محەممەد، نوێنەری وەقفی سوننەی عێراق گوتی "پێویستە هیچ کەسێک نەگەڕێتەوە شنگال، ئەگەر لێکۆڵینەوەی ئەمنیی لەگەڵدا نەکرابێت لە هەموو لایەنە ئەمنییەکانەوە، بۆ ئەوەی هەمووان دڵنیا بن لەو کەسەی گەڕاوەتەوە".
شاهێدحاڵێکی رووداوەکە کە لەکاتی دروستبوونی ئاڵۆزییەکان لەوێ بووە، باسی رووداوەکە دەکات. سامیا شنگالی چالاکڤانە و دەڵێ "پێش دوو رۆژ هەندێک خۆپیشاندان کران، بەهۆی گەڕانەوەی هەندێک خێزانی عەرەبی سوننە بۆ شنگال و لەنێویاندا هەندێک کەس هەبوون کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرا داعش بووبن، بۆیە کچانی رزگاربوو شاهێدیان لە دژیان دا و دواتر مشتومڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست بوو".
ئەو رووداوە لە دەڤەری دیکەش کاردانەوەی هەبوو، جڤاتی کوردانی ئێزدی لەگەڵ نوێنەری دەڤەرەکان کۆبوونەوە و قسەی خۆیان راگەیاند.
خالد نەرمۆ، کەسایەتی کوردی ئێزدی دەڵێ "هەرکەسێکی ئێزدی یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە دەستدرێژی بکاتە سەر پەرستگەیەکی ئایینی، ئێمە لەدژیانین و ئێمە دەمانەوێت یاسا سەروەر بێت".
لە باشووری کوردستان و عێراق، نزیکەی 550 هەزار کوردی ئێزدی دەژین و زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆک و نەینەوان.