سەرۆک بارزانی: پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لە هەولێر لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرایەتیی وڵاتان کۆبووەوە و رایگەیاند، "کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە" و گوتی، "پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت."
 
ئەمڕۆ شەممە، 29-04-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر كرد كە پێكهاتبوون لە رۆزی كەیڤ، كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، جاكۆ بیرندس، كۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا، كلاوس ستریچێر، كۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، تۆكلید بیگ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەوروپا و كاتریەن كرۆفت، بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.
 
بارەگای بارزانی لەبارەی دیدارەکەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان، پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ كرا و شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها دیموكراتییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی بنەماكانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان كردەوە.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، "گەلی كوردستان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیێت و بەهاكانی دیموكراسی پیادە بكرێت و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە 1991 لە شاری كۆیە بۆ یەكەمجار رایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی دووپاتیکردەوە کە "کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت." 
 
لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش، سەرۆک بارزانی روونیکردەوە، "پێكهاتەكانی هەرێمی کوردستان خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین."
 
رۆژی یەکشەممە، 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی رۆژی، 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد.