کۆمیسیۆن ژمارەی بەربژێران لە کوردستان و عێراق بۆ رووداو ئاشکرادەکات

رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو، دوایین زانیاریی لەبارەی ژمارەی بەربژێرەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و نەینەوا بڵاودەکاتەوە، کە تاوەکو ئێستا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان داواکارییان پێشکێشکردووە و ناویان تۆمارکردووە. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراق دەڵێت،تاوەکو ئێستا هەزار و 116 بەربژێر ناوی خۆیان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-04-2021، جومان غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو رۆژی چوارشەممە 28-04-2021، لەو هەزار و 116 بەربژێرە،511 یان سەربەخۆن، 525 بەرژێری پارتەکان، 80 هاوپەیمانین، لە نێویاندا پێکهاتەی کریستیان 17، سابئیە 8، ئێزدی 7، فەیلی9 و شەبەک 2 بەربژێرن.  
 
دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراق
 
هەولێر
 
13 بەربژێر
5 بەربژێری سەربەخۆ
8 بەربژێری پارتەکان
5 بەربژێری کۆتای کریستیانەکان
 
سلێمانی
 
10 بەربژێر
5 سەربەخۆ
5 بەربژێری پارتەکان
 
دهۆک
 
3 بەربژێر 
2 سەربەخۆ
1 بەربژێری پارتەکان
3 بەربژێری کریستیانەکان/ کۆتا
 
کەرکووک
 
60 بەربژێر
32 بەربژێری سەربەخۆ
 26 پارتەکان
2 لە هاوپەیمانییەکان 
2 بەربژێری کریستیانەکان/ کۆتا
 
نەینەوا
 
148بەربژێر
100 بەربژێری سەربەخۆ
42 لە پارتەکان
6 لە هاوپەیمانییەکان
 
جومان غەلای راشیگەیاند،  265 حیزب تۆمارکراون لەنێویاندا 124 حیزب ئارەزووی بەشدارییکردنی هەڵبژاردنیان دەربڕیوە.51 لە ژێر دامەزراندن. هاوپەیمانییەکان 38 هاوپەیمانی تۆمارکراون، لەنێویاندا 11 لە ژێر دامەزراندن، 16 هاوپەیمانی ئارەزووی بەشداریکردنیان دەربڕیوە.
 
265 حیزب تۆمارکراون 
124 حیزب ئارەزووی بەشداریکردنیان دەربڕیوە
51 حیزب لەژێر دامەرزراندن
38 هاوپەیمانی 
11 هاوپەیمانی هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە
16 هاوپەیمانی ئارەزووی بەشداریکردنیان دەربڕیوە
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بەڕێوەدەچێت، رۆژی 1-05-2021 دوایین مۆڵەتە بۆ تۆمارکردنی بەربژێرەکان و هاوپەیمانێتییەکان و گوتیشی"بەهیچ شێوەیەک کۆمیسیۆن بەنیازنییە وادەکە درێژبکاتەوە، چونکە پێچەوانەی خشتە و بەرنامەی کاری کۆمیسیۆنە و ماوەیەک پێویستە بۆ وردبینیکردن لە بەربژێرەکان".
 
کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، وەکو پارتی سبەی ناوی بەربژێرەکانیان رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین.