پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ رووداو: هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کاریگەری لەسەر داهاتووی کورد دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی دەڵێت، "دەنگدانی ئەم جارە تەنیا بۆ شارەوانییەکان نییە، بەڵکو بۆ خاوەنداریکردنە لە کوردستان، زمان و کولتووری کورد"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەنگدانەکە نێوخۆییە، بەڵام کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیا و داهاتووی کورد دەبێت.
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری ئامەد لە پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 29-3-2024 لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیا کە هێڤیدار زانا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستانەوە پێشکێشی کرد، باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد کە رۆژی 31ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچن.
سەرهات ئەرەن گوتی، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا چوونەتە شار، شارۆچکە، گوند و گەڕەکەکانیش و لەگەڵ زۆرینەی خەڵکدا قسەیان کردووە و داوایان کردووە دەنگیان پێ بدەن.
"دەنگدان خاوەنداریکردنە لە کوردستان، زمان و کولتووری کورد"
نوێنەرەکەی ئامەد لە پەرلەمانی تورکیا پێی وایە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان لە ئامەد و شارەکانی دیکەش لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ دەدەن و دەڵێت، "رەنگە کەسانێک لە ئامەد و لە کوردستان بەگشتی هەبن کە بڵێن نایانەوێت دەنگ بدەن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەموو جارێک دوای ئەوەی نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن، ئەو کەسە لادەبردرێت و قەییوم لەشوێنی دادەندرێت، بەڵام زۆرینە بەو جۆرە بیر ناکەنەوە و دەڵێن، دەنگ دەدەن".
سەرهات ئەرەن باسی لە گرنگی هەڵبژاردنەکە کرد و گوتی، "سندووق تەنیا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی نییە، بەڵکو بۆ دەرخستنی ئیرادەی کوردستانە، بۆ خاوەنداریکردنە لە زمان، کولتوور و هونەری کورد، بەتایبەتی لە ئامەد. لە کوردستانیش کەس بەو جۆرە بیر ناکاتەوە کە ئەوەی بەڕێوەدەچێت تەنیا هەڵبژاردنی شارەوانییە".
"ئاکپارتی قەییومیش دابنێت، دەبێت کورد هەر دەنگ بدات"
سەرهات ئەرەن باسی لەوەشکرد، لە هەشت ساڵی رابردوودا ئاکپارتی بەشێک لە بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانی لە پۆستەکەیان لابردووە و قەییومی لە شوێنیان داناوە.
سەرهات ئەرەن گوتی، "ئاکپارتی ئیرادەی کورد قبووڵ ناکات، بەڵام ئەگەر قەییوم لە شوێنی بەربژێرە سەرکەوتووەکانی دەم پارتیش دابنێن، ئێمە هەر دەچینە سەر سندووقەکان و ئیرادەی خۆمان پیشان دەدەین".
زۆربەی راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکان، دەم پارتی لە ئامەد نزیکەی 60٪ی دەنگەکان دەباتەوە. ئەوەش ئەو گوتەیەی لەگەڵ خۆی هێناوە کە خەڵک بچنە دەنگدان و نەچن، بەربژێری دەم پارتی هەر سەردەکەوێت. لەوبارەیەوە سەرهات ئەرەن گوتی، نابێت ئەندام، لایەنگر و دەنگدەرانیان بەو شێوازە بیربکەنەوە و گوتی، "یەک دەنگ بۆ ئێمە زۆر گرنگە".
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، دەنگدانی زیاتری کورد بە دەم پارتی واتای ئەوەیە، کورد شەڕ رەتدەکاتەوە.
سەرهات ئەرەن ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەند هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەڵبژاردنی نێوخۆییە، بەڵام ئەنجامەکەی کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیا و داهاتووی کورد دەبێت؛ بۆیە ئەوان داوا دەکەن هاونیشتمانیان دەنگبدەن و داوای مافی نەتەوەی کورد بکەن.
"بەربژێرەکانمان خەڵک دیاریکردوون"
لەبارەی بەربژێرەکانی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، سەرهات ئەرەن گوتی، "بەربژێرەکان گەل هەڵی بژاردوون و هەربۆیەش پێمان وایە خەڵک بە جۆشەوە دەچن بۆ دەنگدان".
سەرهات ئەرەن رایگەیاند، دەم پارتی دڵنیاییە لەوەی لە 33 شار و ناوچەدا براوەی یەکەمی هەڵبژاردن دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، هەزاران سەرباز و پۆلیس براونەتە ئەو شوێنانەی ئەوان خۆیان بە زۆرینە دەزانن تێیاندا و گوتی، "بۆ نموونە لە ناوچەی ئاپاسوور لە ئامەد، 10 هەزار و 400 پۆلیس و سەرباز هێندراون و دەنگ دەدەن و دوای دەنگدان دەگەڕێندرێنەوە شوێنەکانیان".
دەم پارتی سکاڵای لەسەر بردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ باکووری کوردستان بۆ دەنگدان تۆمار کردووە. بەڵام پەرلەمانتارەکەیان دەڵێت، "هەموو دادوەرەکان لەژێر کاریگەریی ئاکپارتی دان و هەموو سکاڵاکانمان رەتکراونەتەوە. ئەوان دەڵێن گواستنەوەی ئەو هێزانە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنە و دواتر دەیانبەنەوە شوێنەکانی خۆیان".
"لەم هەڵبژاردنەدا دەنگمان زیاد دەکات"
لەبارەی دەنگی دەم پارتی لە باکووری کوردستان و ئامەد بەتایبەتی، سەرهات ئەرەن گوتی، لە ساڵانی رابردوودا لە هەڵبژاردنە جیاکاندا دەنگیان زیاد و کەمی کردووە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا "لە هەموو کات زیاتر" دەنگ دەهێنن.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، لەگەڵ بەشێک لە پارتەکانی تورکیادا کۆبوونەوەیان هەبووە و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئاکپارتیشدا کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە تایبەت بووە بە "ئاسایشی هەڵبژاردن و پاراستنی سندووقەکان و هیچ رێککەوتنێک لەنێوانمان لەئارادا نییە".
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئەوەشی گوت، ئەوان ساڵانێکە خواستی هەنگاونانیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا هەیە، بەڵام "ئاکپارتی قبووڵی ناکات".
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرهات ئەرەن گوتی، چارەسەری دۆزی کرد لە دەستی کورددایە و ئەگەر بە بەهێزی لە هەڵبژاردن سەرکەوتن تۆمار بکەن، ئەو کاتە دەسەڵات ناچار دەبن هەنگاوی چارەسەریی بنێت.