میوەفرۆشێک لە هەولێر نزیکەی 30 جۆر میوەی ئەفریقی، ئاسیایی و ئەورووپی دەفرۆشێت

 
رووداو - هەولێر
 
میوەفرۆشێک لە هەولێر نزیکەی 30 جۆر میوەی ئەفریقی، ئاسیایی و ئەورووپی دەفرۆشێت، میوەکان کەمتر ئاشنان لای خەڵکی کوردستان، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە پەیامنێری رووداو تاوەکو لێی نزیک نەبووەوە، نەیزانی هاوار و بانگی بۆ میوەیە.
 
عەلی عیزەدین، میوەفرۆش دەڵێت، "هەموو ئەوانە میوەی نوێن، لە ئەمریکا، ئاسیا و ئەورووپا هێندراون و لە کوردستان کەمتر ناسراون و کڕیاری تایبەت بە خۆیان هەیە."
 
فرۆشتنی میوەکان هەم بە دانەیە و هەمیش بە کیلۆ، لە 5000 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 25 هەزار دینار.
 
ئەو میوەفرۆشە ئاماژەی بەوە کرد، "نرخیان جیایە، لە 6000 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 23 هەزار دینار، هەیانە بە دانە و هەشیانە وەک میوەکانی دیکە فرۆشتنیان بە کیلۆیە."
 
بەهۆی دەوڵەمەندیی ڤیتامینەکانیانەوە، زۆربەی میوەکان وەکو چارەسەری تەندروستی بەکاردێن. عەلی عیزەدین-ی میوەفرۆش بە نیشاندانی جۆرێکی پەتاتە، گوتی، "بۆ نموونە ئەمە پەتاتەی سوورە، وەکو جێگرەوەی پرۆتین بەکاردەهێندرێت و بۆ هۆڵەکانی وەرزشی دەیبەن، زۆرن ئەو کەسانەشی لەبری سریلاک و شیر بۆ منداڵەکانیان دەیکڕن."
 
مانگانە نزیکەی 20 تۆن لەو جۆرە میوانە دەگەنە هەولێر و دابەشی سەر بازاڕەکان دەبێت. میوەکان بە جۆرێک نمایش کراون و پێچراونەتەوە، دوورا و دوور کڕیار بانگ دەکەن.
 
رێبین کەریم، میوەفرۆش ئەوەی باسکرد، "ساڵ دوای ساڵ کڕیاریان زیاتر دەبێت، بەڵام بەو پێیەی بەراورد بە میوەکانی دیکە نرخیان گرانترە، کەمتر دەفرۆشرێن، بەڵام کڕیاری خۆیان هەیە و خراپ نییە."
 
ژمارەیەک لەو میوانە دەکرێنە چێشت و هەشیانە سووردەکرێتەوە و بەشەکەی دیکەشیان وەکو شەربەتی فرێش و ئاویش دەخورێن.