پڕۆژەی دووسایدی دووکان - رانیە 12 ساڵە لە 75 کیلۆمەتر تەنیا 25 کیلۆمەتری تەواو کراوە
رووداو - راپەڕین
پڕۆژەی دووسایدی دووکان - رانیە، شاڕێگەی نێوان سلێمانی - هەولێر و ئیدارەی راپەڕینە. لە بڕیاری 12 ساڵەی بەدووسایدکردنی 75 کیلۆمەتری، تەنیا 25 کیلۆمەتر دووساید کراوە و لە گوندی کانی وەتمانەوە بۆ دووکان جادەیەکی یەک سایدی پڕ کێشە و رووداوە.
ئامۆزایەکی هەڵگورد محەممەد، نوێترین قوربانیی ئەو رێگەیە، کە بە تەنیا بە ئۆتۆمبێلەکەی ویستوویەتی لە رانیەوە بچێتە سلێمانی، بەڵام بەهۆی خراپی و یەک سایدیی رێگەکەوە لە خەلەکان تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە؛ ئامۆزاکەی هەڵگورد و چوار کەسی دیکەش لە ئۆتۆمبێلەکەی بەرامبەری بریندار بوون، بەهۆی سەختی برینەکانیشیان سەرجەمیان رەوانەی سلێمانی کراون.
رێگەکە بە "رێگەی مەرگ" ناسراوە، هەڵگورد دەڵێت، ئامۆزاکەی رۆژانە بەو رێگەدا هاتووچۆ دەکات و کاسبە، رێگەکە زۆر خراپە و تاوەکو گەیشتووەتە خەلەکان رووداوێکی دیکەشی لە رێگەکەدا بینیوە.
جگە لە یەکسایدی و بەرتەسکیی رێگەکە، زۆریی ژمارەی ئەو تانکەر و بارهەڵگرانەی بەو رێگەیەدا هاتووچۆ دەکەن، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆن.
ئاراس حاجی، هاونیشمانییەکی دانیشتووی شارۆچکەی خەلەکانە و دەڵێت، "خەڵکی خەلەکان بە دووکەڵی ئەو بارهەڵگرانە خنکاون، چەندین کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون. داواکارین رێگەی ئەو بارهەڵگرانە لە خەلەکان دووربخەنەوە."
خۆشناو سەعید، یەکێکی دیکەیە لەو شۆفێرانەی رۆژانە بەو رێگەیەدا هاتووچۆ دەکات و دەڵێت، "رێگەکە وێرانە، ناتوانیت بە ئاسایی پێیدا بڕۆیت، ئەگەر بکەویتە راست بارهەڵگرەکان، دەبێت یان بچیتە ژێری یان لە چاڵەکان وەردەگەڕێیت. رۆژانە چەندین رووداو روودەدەن."
پڕۆژەی دووسایدی دووکان -رانیە، لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەم لە گوندی بێستانە تاوەکو رانیە بە نیوەچڵی تەواو کراوە، قۆناخی دووەم 45%ی کارەکانی کراون، قۆناخی سێیەمیش لە خەلەکانەوە بۆ دووکان تاوەکو ئێستا بیسمیلای لێ نەکراوە.
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلەکان سەبارەت بە چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی رێگەوبان کردووە، هەرچی زووە چاڵەکانی سەر رێگەکە چاک بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم وەرزەدا هیچ کارگەیەکی قیر نە حکومی و نە کەرتی تایبەت کار ناکەن، بۆیە نۆژەنکردنەوەی رێگەکە دەکەوێتە دوای وەرزی بارانبارین."
بەگوێرەی ئامارەکانی بنکەی هاتووچۆی خەلەکان، لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 13 رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیە روویانداوە، زیاتر لە 30 کەسیش بوونەتە قوربانی.