ئەندازیارێکی سەلامەتیی گشتی: بەرگریی شارستانی توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاگری گەورەی نییە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندازیارێکی بواری سەلامەتیی گشتی دەڵێت، کۆی سیستمی سەلامەتیی ئاگر لە هەرێمی کوردستان زۆر لاوازە. دەشڵێت، "بەرگریی شارستانی لە هەرێمی کوردستان توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاگری گەورەی نییە."
 
ئەندازیار شوان کەمال، ئەندازیاری بواری سەلامەتیی گشتی، کە میوانی نووڕۆژی رووداو بوو، گوتی "هەرێمی کوردستان لاوازە لە دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە و کۆنترۆڵکردن و فریاکەوتن لەکاتی ئاگر."
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 27-02-2024 ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بە خێرایی تەشەنەی کرد، رۆژی دواتر گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "15%ـی دووکانەکانی بازاڕی لەنگە سووتاون، کە لەنێوان 150 بۆ 200 دووکانن."  
 
ساڵی 2018 بە هەمانشێوە ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە، ئەوکاتە نزیکەی 1200 دووکان سووتان.
 
ئەندازیار شوان کەمال، پێیوایە، ئەگەر لەکاتی ئاگرەکەی ساڵی 2018 لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر هۆکارە ریشەییەکانی ئەو جۆرە ئاگرە بکرایە، چانسی دووبارەبوونەوەی کەمتر دەبووەوە.
 
 
چەندین بازاڕی هاوشێوەی بازاڕی لەنگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، کە زیاتر بە بازاڕی میللی دەناسرێن و بە زنجیرەیی بەیەکەوە بەستراون، ئەو ئەندازیارەی بواری سەلامەتیی گشتی دەڵێت "کە ئاگر لەو بازاڕانە نەکەوتووەتەوە، لەبەر ئەوە نییە لەو شوێنانە مەرجەکانی سەلامەتیان هەیە، بەڵکو بە چانسە"، بۆیە پێیوایە ئێستاش دەرفەتە بەر بە کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی دیکە بگیرێت و دەڵێت "هێشتا دەرفەت هەیە لێکۆڵینەوە لە سەرجەم ئەو شوێنانە بکرێت تاوەکو ئاگری دیکە دروستنەبووە."
 
تاوەکو ئێستا بە فەرمی یەکلایی نەبووەتەوە هۆکاری روودانی ئاگری ئەمجارەی بازاڕی لەنگە چییە، بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئاگرەکە لە دووکانێکی جلوبەرگەوە سەریهەڵداوە، بەرگریی شارستانی هەولێر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و هێشتا راپۆرتی کۆتاییان بڵاونەکردووەتەوە. 
 
ئەندازیار شوان کەمال لەبارەی هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە دەڵێت "ئاگری لەنگە دەکرێت بە زۆر هۆکاری وەکو شۆرتی کارەبا، جگەرە، یان ئەنقەست بووبێت، کە دەبێت لەکاتی لێکۆڵینەوەدا هەموو هۆکارەکان رەچاو بکرێن، بەڵام دەبێت بایەخی زیاتر بەو هۆکارانە بدرێت کە وایان کرد کۆتایی ئاگرەکە خراپتر بێت و زیانێکی گەورە بە بازاڕەکە بگەیەنێت، بۆ ئەمەش دەبێت لەو مادانە بکۆڵینەوە کە لە دووکان و بازاڕەکان بەکارهێنراون ئاخۆ کوالێتییان بۆ ئاگر باشە یان نا؟"
 
بەبڕوای ئەو ئەندازیارەی بواری سەلامەتیی گشتی "کۆی سیستمی سەلامەتیی ئاگر لە هەرێمی کوردستان زۆر لاوازە، لاوازین لە دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی رووداوەکانی ئاگر، هەروەها لەکاتی دروستبوونی ئاگریشدا لاوازین، بەهۆی نەبوونی هەندێک سیستمی ئاگادارکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگر بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، هەروەها بەهۆی نەبوونی راهێنان بۆ ئەو کەسانەی لەو دەوروبەرەن تا رۆڵیان هەبێت و یەکسەر بەرگریی شارستانیش ئاگادار بکەنەوە، بۆیە کۆی سیستمی سەلامەتیی ئاگر لە هەرێمی کوردستان زۆر لاوازە."
 
ئەو پسپۆرەی سەلامەتی گشتی داوا دەکات، بەرلەوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بخرێنەکار، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ مەرجەکانی سەلامەتیی گشتی بکرێت، کوالێتیی کەرەستە بیناسازییەکان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئاگر بەرزبێت و سیستمی ئاگرکوژێنەوەی ئۆتۆماتیکیش لە هەموو شوێنێک دابنرێت، جگە لەوەش دەڵێ "دەبێت هەموو ئەو کەسانەی کاردەکەن لەو شوێنە گشتییانە، راهێنانی کۆنترۆڵکردنی ئاگریان پێبکرێت". 
 
شوان کەمال پێیوایە کێشەیەکی دیکە لە هەرێمی کوردستان لە دەزگای بەرگریی شارستانییە و دەڵێت "ئەو پێداویستییانەی لەبەردەستی بەرگریی شارستانیدان، بەرگەی ئاگری گەورە و بەرگەگرتنی فراوانبوونی شارەکان ناگرن، توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاگری گەورەیان نییە، ئامێری پێشکەوتوویان لەبەردەستدا نییە کە بتوانێت لە باڵەخانە بەرزەکانەوە خەڵک رزگار بکات، هەروەها دەبێت بنکەکانی بەرگری شارستانی زیادبکرێن، بۆ ئەوەی بە زوویی بگەنە شوێنی ئاگرکەوتنەوە."
 
بازاڕی لەنگەی هەولێر نزیکەی دوو هەزار و 400 دووکانە و دەکەوێتە نێوان شەقامی 100 مەتری و 40 مەتریی هەولێر، شوێنێکی قەرەباڵخە و بە بازاڕێکی میللی ناسراوە.